رووداو دیجیتاڵ
دانیشتوویەکی شاری هەولێر لە رێگەی رووداوە منداڵێکی تەمەن شەش ساڵان لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەبینێت، کە لە ژێر باڵەخانەیەکی رووخاودا رزگار کراوە، داوا دەکات بەخێوکردنی ئەو منداڵەی پێ بسپێرن.
پێنج رۆژ دوای بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ بە ناوی موسا لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکان بە برینداری دەرهێنرا، دوای رزگارکردنیشی، تیمەکان بە شوێن ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی موسادا دەگەڕێن و دەڵێن، هێشتا لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدان.
حاجی سەباح خەیات، دانیشتووی شاری هەولێر بە رووداوی گوت: "لە رێگەی کەناڵی رووداوەوە منداڵێکی شەش ساڵانم بە ناوی موسا لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بینی و دەمەوێت بەخێوکردنی لە ئەستۆ بگرم."
حاجی سەباح دەڵێت: "دڵنیام لە رێگەی رووداو دەنگم بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگات، داوا لە رێکخراوەکان و بەتایبەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم هاوکارم بن لە بەدەستهێنانی ئەو منداڵە، چونکە من ناتوانم بە ئەو بگەم هیوادارم هاوکارم بن بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ژیانم بەخێوی بکەم و هەرگیز ناهێڵم لە هیچ شتێکی کەم بێت."
حاجی سەباحی تەمەن 61 ساڵ پێشتر پێشمەرگە بووە، دەشڵێت: "خاوەنی پێنچ کوڕ و سێ کچم هەموویان گەورەن و ئێستا لە ماڵی خۆیانن، دەمەوێت ئەو منداڵەی جندرێس بەخێوبکەم، یەک لەبەرخودا دووەم لەبەر مرۆڤایەتی، چونکە ئەو منداڵە لێ قەوماوە دەمەوێت بزانێت وەک مرۆڤ هەموومان کەسی یەکین."
رۆژی دووشەممە، 6ـی ئەم مانگە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند و کاریگەری لەسەر ناوچەکانی چواردەوری هەبوو. بەگوێرەی دوایین ئامار؛ تاوەکو ئێستا لە باکووری کوردستان زیاتر لە 22 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 80 هەزار کەس بریندارن. بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبووە، بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆر برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ