رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی رەتی دەكاتەوە هیچ تیمێكی وەرزشیی كچان بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددەهۆشبەرەكان لەلای ئەوان دەستگیر كرابێت، دەشڵێت "لە بەدواداچوون بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە بەردەوامین."
مەریوان عەلی، بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی رۆژی چوارشەممە، 11-1-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە گوایە تیمێكی وەرزشیی باسكەی كچان لەگەڵ راهێنەرەكەیان دەستگیركراون لەسەر بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەكان، "بەڵام ئەو هەواڵە راست نییە و هیچ تیمێكی وەرزشی كچان لەلای ئێمە دەستگیر نەكراوە."
بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی جەخت لەوە دەكاتەوە بەدواداچوونی وردیان بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە كردووە و پەیوەندیان بە چەندین یانە و تیمی وەرزشیی باسكەی كچان لە سلێمانی كردووە، بەڵام هیچیان دەستگیرنەکراون.
لە چەند پەیجێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە راهێنەری تیمێكی باسكەی كچان لە سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر یاریزانەكانی بەتۆمەتی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركراون و دوای پشكنین یاریزانەكان بە كافالەت ئازاكراون و راهێنەرەكەشیان بە دەستبەسەری ماوەتەوە.
مەریوان عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەدواداچوون بەردەوام دەبن تاوەكو دەگەنە چۆنیەتیی بڵاوكردنەوەی سەرچاوەی ئەو هەواڵە، "بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ نییە، ئەگەر شتێكی وەها ببێت بۆچی ئێمە دەبێت بیشارینەوە؟ بە پێچەوانەوە ئێمە هەر باندێك بگرین دوای یەكلایی كردنەوەی سەرجەم لایەنەكانی دۆسییەكە، بڵاویدەكەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ