بزووتنەوەی ئیسلامی: پەیوەندیمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع هەیە

18-04-2025
شیراز رەئوف
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان نێوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ رووداو ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "ئامانجی سەردانەکەی شاندەکەی تورکیا بەدەستهێنانی پاڵپشتیی سیاسییە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان".
 
عەبدوڵڵا وەرتێ، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا کە مژارەکەی تایبەت بوو بە سەردانی شاندەکەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان گوتی: "جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندەکەی لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی داوایان کرد بزووتنەوەکە پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتی بێت کە ئێستا لە تورکیا و باکووری کوردستان کاری لەسەر دەکرێت".
 
عەبدوڵڵا وەرتێ گوتیشی، پێشتریش لە سەردانی رابەر و شاندێکی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە هەمانشێوە باس لە پرۆسەی ئاشتی کراوە و "دوای ئەو سەردانەشمان بۆ تورکیا، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی پەیامێکی بۆ قەندیل نارد و داوای لێکردن هاوکاربن لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا".
 
"سەردەمی چەک نەماوە و کورد دەتوانێت بە ئاشتی مافەکانی خۆی وەربگرێت. ئەمە کرۆکی پەیامەکەی رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بوو بۆ بەرپرسانی قەندیل کە بە نامەیەکی فەرمی ئاراستەی کردن و بەدەستیان گەیشت"، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان وای گوت.
 
گوتیشی، مژارێکی دیکە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ د. نووح یڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کە پێکهاتبوو لە ئانیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و ئیرمان توپچوو، کۆنسووڵی تورکیا لە هەولێر و ژمارەیەک دیپلۆماتی تورکیا پەیوەست بووە بە پرسی ئاسایشی ناوچەکە، بەتایبەت دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و کاریگەریی دۆخی سووریا لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق.
 
"پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد شەرع"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانییدا لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا عەبدوڵڵا وەرتێ باسی لە پەیوەندییەکانی بزووتنەوەکەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا کرد و گوتی: "بەو پێیەی بزووتنەوەی ئیسلامی حیزبێکی نێوداری نێو جیهانی عەرەبی و ئیسلامییە، مافی خۆیەتی لەگەڵ دەسەڵاتێکی ئیسلامی پەیوەندی هەبێت کە لە سووریا هاتووەتە سەرکار".
 
"مامۆستا عیرفان نامەی بۆ ئەحمەد شەرع ناردووە و پێی گەیشتووە. لە نامەکەشدا داوای لێکرد مافی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی کورد بپارێزێت و پەیوەندیمان لەگەڵ شەرع هەیە"، عەبدوڵڵا وەرتێ وای گوت.
 
گوتیشی: "ئەحمەد شەرع کەسێکی لێهاتووە و پەیامەکانی جێگەی دڵخۆشی و گەشبینین و هەموو ئەو وڵاتانەشی کە پێشتر ناوەکەیان لە لیستی تیرۆری خۆیان دانابوو، ئێستا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و شەرع خۆی گوتویەتی لە هیچ کردەیەکی تیرۆریستی تێوەنەگلاوە و ئەگەر تیرۆریست بوایە، کاتێک لای ئەمریکییەکان دەستبەسەر بوو ئازادیان نەدەکرد".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

مەسرور بارزانی: عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و تەنیا پێویستی بە حکومڕانییەکی باش و دادپەروەرانەیە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و "تەنیا پێویستی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانەیە."