رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی زمانی کوردی لە سنە بە 5 ساڵ زیندانیکردن سزادرا. ئەو مامۆستایە بە رووداوی گوت: "تاکە تاوانم فێرکردن و گوتنەوەی زمانی کوردییە."
رۆژی هەینی، 18ـی نیسان، سروە پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە چوار کەس بووین و لە دوای شۆڕشی ژیناوە بە تۆمەتی پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی دەستگیرکراین، بەڵام لە راستیدا کاری ئێمە تەنیا فێرکردنی زمانی کوردی بووە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە."
سروە پوورمحەممەدی گوتی: "دوو هاوڕێمان لەلایەن دادگەی پارێزگای سنەوە بێبەریبوونیان راگەیێندرا و ئازادکران، بەڵام من و ئیدریس مینبەری سزادراین. سەرەتا سزاکەی من 10 ساڵ بوو، دواتر لە دادگەی تێهەڵچوونەوە بۆ 5 ساڵ کەمکرایەوە، بەڵام سزاکەی ئیدریس مینبەری دوو ساڵە و ئێستا لە دادگەی تێهەڵچوونەوەیە. لە هەموو دانیشتنەکانی دادگەدا خۆم و پارێزەرەکەم ئامادەبووین."
بە گوتەی خۆی، رۆژی شەممە جێبەجێکردنی سزاکە دەستپێدەکات و زیندانی دەکرێت.
سروە خەڵکی پارێزگای سنەیە و کارمەندی رێکخراوی نۆژینە، کە وەک خۆی دەڵێت: "کاری رێکخراوەکەمان فێرکردنی زمانی کوردی و بەدواداچوونە بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە."
بەگوێرەی مادەی 15ی دەستووری ئێران، خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی ئەو وڵاتە بۆ هەموو نەتەوە جیاوازەکانی ئێران رێگەپێدراوە، بەڵام ئەو مادەیەی دەستوور تاوەکو ئێستا لە لایەن حکومەتەوە جێبەجێ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ