رووداو دیجیتاڵ
دوو لەو کەسانەی لە رووداوی ئاگرەکەی سۆران گیانیان لەدەستدا، هاوژینی یەکدی بوون و ساڵێکە ژیانی هاوژینییان پێکهێنابوو. ئەوان لە یەکێک لە نهۆمەکانی باڵەخانەکەی سۆراندا دەژیان و منداڵیان نەبووە.
عەلی وریان، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و رێناس سوڵتان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوو. کەسوکارەکانیان بە شین و گریانەوە دوایین ماڵئاواییان لە ئازیزەکانیان کرد.
ژیلوان محەممەد، کەسوکاری قوربانییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاوەڵزاوای منە، ماوەی (یەک) دوو ساڵە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و لە شوقە نیشتەجێبوون، بەڵام بەو رووداوە نەخوازراوە ژیانیان بەخت کرد و شەهید بوون."
محەممەد عەبدولرەزاق، کەسوکاری قوربانییەکان باس لەوە دەکات، "کاسبی کردووە، بە بڕیاری رێکخستن و ئاسایش لێرە بوون، بە کاملی لێرە بوون و بە فەرمی لێرە بوون."
لەکاتی رووداوەکەدا دوو کەسی دیکەیش بە ناوەکانی عومران مورادی و بەهرام مورادی کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و بە میوانی لە ماڵی ئەو دوو هاوژینە بوون، ئەوانیش گیانیان لەدەستدا.
عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سۆران دەڵێت، "ئەو دوو تەرمە لەسەر بڕیاری کەسوکارەکەیان لە سۆران دەنێژرێن، چاوەڕێی تەواوبوونی رێکارەکانین."
بەهۆی ژەهراویبوون و دووکەڵی ئاگرەکە، لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێکدا 14 کەس گیانیان لەدەستدا و حەوتی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ