رووداو دیجیتاڵ
ساتی سەرەتای رووداوی ئاگرەکەی ئەو باڵەخانەی سۆران کە تێیدا 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش بریندار بوون، ئەوە بوو بەشێکی قوربانییەکان بەهۆی بوونی دووکەڵی چڕ لەنێو شوقەکان، هاواریان دەکرد تاوەکو زوو بەهانایانەوە بچن، بەڵام کارەسات روویدا.
قوربانییەکان لە پەنجەرەکانەوە هێنرانە دەرەوە و تیمە تەندروستییەکان گەیاندیانن بە نەخۆشخانە، بەڵام لەماوەی 30 خولەکدا هەر 14 کەسەکە گیانیان لەدەست دا؛ هەمووشیان بە دووکەڵی ئاگرەکە خنکان.
محەمەد عەزیز، شایەدحاڵ دەڵێ "سەرەتای رووداوەکە کە من هاتم، لێرە تەنها چوار قەنەفە دەسووتان، بە ئێمە کۆنترۆڵ نەکرا و پەیوەندیمان بە بەرگریی شارستانییەوە کرد، بەڵام ئەوان درەنگ هاتن. کەسەکانی نێو باڵەخانە هاواریان دەکرد و داوای بەهاناوەچوونیان دەکرد، بەڵام نەشدەهاتنە دەرەوە، هەموویان لای پەنجەرەکان وەستابوون.''
بەیانی دوای رووداوەکە، کاریگەریی ئاگرەکە بەڕوونی بە بیناکەوە دەبینرێت. حکومەت لیژنەی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی رووداوەکەی پێکهێناوە، بەڵام هۆکاری راستەقینەی دروستبوونی ئاگرەکە، تائێستا دیارینەکراوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێ "لیژنەکە دەستیان کراوەیە، و کاری جددی لەسەر هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە دەکەن و کار لەسەر ئەوە دەکەن؛ بۆچی ئەو رێژە زۆرەی قوربانی هەیە، ئیجرائاتیش دەکرێت و ئەوەی کەمتەرخەم بووە چ لە خاوەنی بیناکە چ لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەمە دەبێت روونبکرێتەوە. زۆر زۆر گرنگە و ئەو کارەساتە بە ئاگاهاتنەوەیەکی زۆرە بۆمان بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەوە بکەین کارەساتی لەو جۆرە دووبارە نەبنەوە.''
ئەوانەی لە رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە پێکدێن لە 10 پیاو و چوار ژن، کە خەڵکی رۆژهەڵات، رۆژئاوا، باشووری کوردستان و بەغدان.
حکومەت سێ رۆژ ماتەمینیی گشتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیاند و هاونیشتیمانییانی ئەو شارەش بۆ دووبارەنەبوونەوەی رووداوی لەوجۆرە پێشنیاز و داواکارییان هەیە.
شەوکەت محەممەد، هاونیشتیمانیی سۆران دەڵێ "هەموومان نیگەرانین بەو رووداوە دڵتەزێنە. لە سۆران هەموو شتەکان لەنێو یەکدان؛ ئەگەر لە ژێرەوەی ئەو باڵەخانەیەی نیشتەجێبوون کارگەی قەنەفە نەبووایە، رەنگە ئەو کارەساتە رووینەدابووایە.''
لەدوای رووداوەکە، پیداچوونەوە بە تەواوی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لەو سنوورە دەکرێت و لایەنە کەمتەرخەمەکانی ئەو رووداوەش بە گوتەی بەرپرسان، سزادەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ