لە باخێکدا چەند کەسێک دەستگیر دەکرێن؛ ئاسایشی سلێمانی و لاهوور شێخ جەنگی روونکردنەوە دەدەن

08-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، "هێزێکی چەکدار بەبێ فەرمانی دادوەر" چوونەتە سەر باخەکەی لە گوندی کێلە سپی لە شاری سلێمانی و دەڵێت: دوو ساڵە ئەو باخە بەکارنەهاتووە. ئاسایشی سلێمانیش دەڵێت: لەو شوێنە ژمارەیەک تۆمەتبار و داواکراویان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر چەندین لوولەی بێدەنگی چەک و دەرمانی نایاسایی و چەکدا گرتووە.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 8-3-2023، نووسینگەی لاهوور شێخ جەنگی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە دوای راگەیاندنی بڕیاری دادگە و گەڕانەوەی مافەکانی وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گرووپ و تاقمێکی لە یاسا دەرچوو کە دەستیان سوورە بە شەهیدکردنی چەند هەڤاڵێکمان، هەوڵی ئاژاوەگێڕیی دەدەن."
 
لەو روونکردنەوەیەدا هاتووە، "ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو گرووپە لە یاسا دەرچووە لە رێگەی هێزێکی چەکدارەوە بە بێ فەرمانی دادوەر و بێ هیچ بیانوویەک هەڵیانکووتاوەتە سەر باخی بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی لە گوندی کێلەسپی لە شاری سلێمانی، لە کاتێکدا ئەو باخە دوو ساڵە بەکار نەهاتووە و هیچ هێزێکیشی لێ نییە، تەنیا چەند کەسێک کە خەڵکی ئەو ناوچەیەن وەک کارگوزار و باخەوان کاریان کردووە."
 
نووسینگەی لاهوور شێخ جەنگ سەلامەتیی ژیانی ئەو کەسانەی لەو باخە کاریان کردووە دەخاتە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و دەڵێت: "هەموو رێکارێکی پێویست دەگرینەبەر دژی ئەو یاساشکێنییە، سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆنسوڵخانەی وڵاتان و دیپلۆماتکاران و نەتەوەیەکگرتووەکان لەم کارە مەترسیدارە ئاگادار دەکەینەوە کە لەسەر دەستی ئەو تاقمە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە و ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتییان و کار و پیشەی کاسبکاران و جووڵەی بازرگانەکان خراوەتە مەترسییەوە."
 
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە "کە ئەو تاقمە لە یاسا دەرچووە باجی ئەو کارە نابەجێ و ناپەسەندەیان دەدەن و پیلانەکانیشیان لە زووترین کاتدا پووچەڵ دەکرێتەوە."
 
چەند خولەکێکی کەم دوای راگەیێندراوەکەی نووسینگەی لاهوور شێخ جەنگی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی روونکردنەوەیەک و وێنەی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە بە "تۆمەتبار" ناوی بردوون.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە: "دوای دەستکەوتنی زانیاری و بەڵگەی پێویست لەسەر چەند جێگە و باخێکی جیاواز لە سنووری سلێمانی کە کاری نایاسایی تێدادەکرێت و چەندین کەسی لە یاسا هەڵهاتووش خۆیان تێدا حەشارداوە، ‎پاش لێکۆڵینەوەی ورد، پاڵپشت بە یاسا و دەسەڵاتی دادوەری، بڕیاردرا سەرجەم ئەو باخ و شوێن و جێگایانەی کە بۆ مەرامی کاری نایاسایی، خراپەکاری و کۆکردنەوەی هێز لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان بەکارهێنراوە دەستی بەسەردابگیرێت."
 
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "دوای رەزامەندیی بەڕێز دادوەری تایبەتمەند هێزێکی هاوبەش لە هێزە ئەمنییەکان ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 8-3-2023، لە سنووری سلێمانی دەستیان بەسەر چەند باخێکدا گرت و دوای پشکنین و گرتنەبەری رێکاری یاسایی، دەست بەسەر چەندین لوولەی بێدەنگی چەک (کاتم سەوت)، دەرمانی نایاسایی و بەڵگە دروستکردنی هێزی نایاسایی لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمدا گیرا. هەروەها چەندین تۆمەتباریش دەستگیرکران کە بەشێکیان پێشتر لەلایەن دادگاوە داواکراو بوون."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە