رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری رێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع بە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ" ناوبرد، بۆ ئەوەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان رۆڵیان لە داڕشتنی ئایندەی سووریا هەبێت. ئیلهام ئەحمەدیش دەڵێت، رێککەوتنەکە هەموو تۆمەتەکانی سەر کوردی بۆ دابەشبوونی سووریا پووچەڵکردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، یەکەم پانێڵی رۆژی دووەمی دیداری زانکۆی ئەمریکا لە سلێمانی، تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی رۆژئاوای کوردستان، باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و رەنگدانەوەی بەسەر دۆزی کورد و ناوچەکە بەڕێوەچوو.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێک بوو لە قسەکەرەکانی پانێڵەکە و گوتی: "رێککەوتنەکەی نێوان بەڕێز مەزڵووم عەبدی و بەڕێز ئەحمەد شەرع بە پشتیوانیی دۆستان و هاوڕێیانمان بووە، بە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و پشتیوانیی ئێمە بووە".
10ـی ئاداری 2025، رێککەوتنێکی 8 خاڵی لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، واژۆ کرا.
هۆشیار زێباری، رێککەوتنامەکەی بە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ" ناوبرد، بۆ ئەوەی کوردانی سووریا رۆڵیان لە داڕشتنی ئایندەی سووریا هەبێت. زێباری گوتی: "رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی پار، زەوینلەرزەیەکی سیاسی بوو بۆ سووریا و تەواوی ناوچەکە، بەشێوەیەک لە شێوەکان کاریگەری بەسەر سەرجەم وڵاتانی دەوروبەری سووریا هەیە".
هۆشیار زێباری، کە ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتییە، پێیوایە، سووریا لەبەردەم قۆناخێکی وەرچەرخان دایە، بەوەی سووریای نوێ چۆن دەبێت، پێچەوانەی سووریای کۆن دەبێت؟ لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتدارانی سووریا هەنگاویان ناوە، بەڵام پێویستی بە کرانەوە و گشتگیری زیاترە، لەگەڵ ئەوەی ئەمە تەنیا سەرەتایە.
زێباری تیشکی خستەسەر ئەوەی چۆن دەتوانن هاوکاری رۆژئاوای کوردستان بکەن، لە رێگەی ئەزموونەکەیان و پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات و چۆنیەتی دیاریکردنی داواکارییەکانیان لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکراسی و فیدراڵی یەکگرتوو.
هۆشیار زێباری گوتی، هێزی سیاسیی چالاک لە سووریا هەن، وەکو هەسەدە و پەیەدە و ئەنەکەسە و هێزی دیکەی کوردی. خاڵی سەرەکی کە هەوڵدەدەن لەگەڵیاندا لە پەیوەندیدا بن بە شێوەیەکی ئەرێنییانە بریتییە لە یەکخستنی هەڵوێستی کورد، ئەمە خاڵی سەرەتایە. زێباری گوتیشی، "لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، ئێمە وەکو یەک تیم چووینە بەغدا، وەکو یەکەم تیم لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییە عێراقییەکان و نێودەوڵەتی دیکە کە ئەوکات کارا و چالاک بوون، وەکو یەک تیم کاریان کرد."
هەروەها خاڵێکی دیکە پشتوانی هەموو داواکارییەکانیان دەکەن، لە پشتیان دەبن، بەڵام بە گوتەی زێباری، "دەبێت داواکارییەکان مەعقول و واقیعی بن و لە چوارچێوەیەکی یەکێتیی خاکی نیشتمانیی سووریادا بێت لەگەڵ گەرەنتی مافی کولتووری و زمان و ئابووری و خۆبەڕێوەبردن".
لەگەڵ ئەوەی زێباری گوتی: "ئەوان خۆیان بڕیار دەدەن کە چیان بۆ باشە نەک ئێمە"، بەڵام پێیوایە "کۆپیکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رۆژئاوا راستەوخۆ سەختە".
هەروەها راشیگەیاند، بزووتنەوەی کوردی لە سووریا رەهەندی هەیە، لەناکاو دەرنەکەوتووە و دەڵێت، "مامەڵەی واقیعیانە زۆر گرنگە، دەرفەتێکی راستەقینەیان لەبەردەمە بۆ ئەوەی بەشێک بن لە بڕیاردان لە چارەنووسی ئایندەی سووریا."
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، "هەندێک گومان و ترس لە سیستمی نوێی سووریا هەیە، بۆیە دەبێت ئاگاداربکرێنەوە، نابێ سەرکێشی بکەن و بە شێوەیەکی ئەرێنییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشهاتانە بکەن بۆ ئەوەی بگەنە چوارچێوەیەک کە مافی هەمووان پارێزراو بێت".
یەکێکی دیکە لە قسەکەرەکانی پانێڵەکە، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بوو، باسی رێککەوتنەکەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرعی کرد و رایگەیاند: "ئەم رێککەوتنە سەبارەت بە مێژووی سووریا و چارەنووسی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا، رێککەوتنێکی زۆر گرنگ بوو".
ئیلهام ئەحمەد گرنگییەکەی لەوەدا چڕکردەوە "ئەم رێککەوتنە هەموو ئەو تۆمەتانەی پووچەڵکردەوە، کە ئێمە وەکو کورد لە سووریا رووبەڕووی دەبووینەوە. وەکو پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوام بە جیابوونەوە و دابەشکردنی سووریا تۆمەتبار دەکراین لەگەڵ بەخشینەوەی تۆمەتی دیکە. ئەم رێککەوتنامەیە هەموو ئەو تۆمەتانەی پووچەڵکردەوە".
سەبارەت بە دانوستاندنەکانیان لەگەڵ دیمەشق، ئیلهام ئەحمەد گوتی: "ئێستا لیژنەکانی دیالۆگ پێکهێنراون، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەندەکانی رێککەوتنامەکە و چۆنیەتی و میکانیزمی جێبەجێکردنی، ئێستا ئێمە لەو قۆناخەداین. لە کۆتایی ئەم مانگە رەنگە دیدار و کۆبوونەوە بکرێت، تاوەکو چەندین تێگەیشتن گەڵاڵە بووە لەبارەی بەنداوی تشرین، خاڵە هەڵپەسێردراوەکان، لێکتێگەیشتن هەیە و ئێستا لە گەشەکردندایە".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا خوازیاری لێکتێگەیشتنی قووڵترە پەیوەست بە پرۆسەی دەستووری و پرۆسەی سیاسی و پرۆسەی سەرلەنوێ بنیادنانەوەی سووریا. هەروەها گوتی: "ئێمە هاوبەشێکی گرنگ و جدیین لە پرۆسەی سەرلەنوێ بنیادنانەوەی سووریادا".
ئیلهام ئەحمەد باسی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی کرد و بە ئەزموونێکی "گرنگ" ناوی برد لە مێژووی کورد، بەڵام گوتی: "دۆخی کوردانی سووریا جیاوازە، دۆخی جیۆسیاسی جیاوازە، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بە جۆرێک لە جۆرەکان جیاوازە، بۆیە دۆخەکە بە هەمووی لەبەرچاو گیراوە، سووریا کۆمەڵگەیەکی فرەییە، ئەوەش گرنگە بۆ دیاریکردنی سیستەمی سیاسی سووریا و چارەنووسی کورد و دەستەبەرکردنی مافی تەواوی کورد لە دەستووری سووریا."
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە سووریا لامەرکەزی بێت و مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بدات، زۆربەی پێکهاتە و لایەنەکانی سووریا داوای لامەرکەزی دەکەن. پێداگرن لەسەر ئەوەی دەبێت تێگەیشتن لەبارەی سیستەمی سیاسی لە سووریا هەبێت و دەبێت هەمووان بەشدار بن.
ئەو پێیوایە ئەوەی ئێستا لە سووریا هەیە یەک لایەن دەیەوێت ئایندەی سووریا دیاری بکات. ئیدارەی دیمەشق دەستووری کاتی داناوە و حکومەتی پێکهێناوە، "ئێمە ئێستا لەگەڵیان لە سەرەتای دیالۆگین و داوا دەکەین بەشدار بین لە داڕشتنی دەستوور و ئیدارەی سووریا. دەبێت پێکەوە سیماکانی سووریای نوێ دابڕێژین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ