رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شارۆچکەی بێگری پارێزگای وانی باکووری کوردستان گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت بەردەوامە. کۆمپانیای نەوتی تورکیا بە بەشداریی 200 کارمەند و 30 ئامێر لە ناوچەکەدا بەدوای نەوتدا دەگەڕێت.
لە سنووری گوندی بێشپارماک کە 25 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارۆچکەی بێگر دوورە، لە قەدپاڵی شاخێک کە دوو هەزار و 300 مەتر لە رووی ئاستی دەریا بەرزە، ئامێرێکی لێدانی بیری نەوت بە کێشی 200 تەن دانراوە.
مەلیح ئایدۆغان، قایمقامی شارۆچکەی بێگر و عەبدولئەحەد ئارڤاس، سەرۆکی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لەو پارێزگایە سەردانی ئەو شوێنەیان کرد. عەبدولئەحەد ئارڤاس بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، چاوەڕێی مژدەیەکی خۆشن لە زووترین کاتدا و گوتی، "هیوادارین ئەم کارە بەرهەمدار بێت. بە پشتیوانیی خودا لە سێ یان چوار مانگی دیکەدا ئاماژەیەک دەبینین. هاوشێوەی شرنەخ نەوت بە تەوژم دێتە دەرەوە".
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی گوتیشی، "نەوت و گازەکەمان بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و فڕۆکە شەڕکەرانەی دروستمان کردووم دەردەهێنین. ئێمە بە سامانە نیشتمانییەکانمان و ئامێرە نیشتمانییەکانمان بیری قووڵ هەڵدەکەنین. هیوادارین نەوتێکی کوالێتیی بەرز دەربهێنرێت و بەم کارە وابەستەیی دەرەکیمان کەمببێتەوە. بە کونکردنی قووڵی 1500 مەتر و توانا تەکنەلۆژییەکان، هیوادارین لە چەند مانگێکی دیکەدا بە نەوت بگەین".
تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ناوچەی گاباری سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان راگەیاند. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا، یەدەگی نەوتی شرنەخ 150 ملیۆن بەرمیلە.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ، ئامەد، سێرت، رووها و مێردینی باکووری کوردستانن.
ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ