لاهوور شێخ جەنگی: لایەنێک خواستی هەیە پێکهێنانی حکومەت بگەیێنێتە هەڵبژاردنی عێراق

17-04-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل رایگەیاند، پارتی و یەکێتی بەمنزیکانە حکومەت پێکناهێنن. دەشڵێت: "لایەنێک خواستی هەیە پێکهێنانی حکومەت بگەیێنێتە هەڵبژاردنی عێراق، بۆ ئەوەی پۆستەکانی هەولێر و بەغدا بە یەکەوە ببەسترێنەوە."
 
لاهوور شێخ جەنگی لە هەڤپەیڤنێکدا لەگەڵ رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان لە سلێمانی لەگەڵی کردووە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئامادەکارییان کردووە، بەڵام دەڵێت، کردنی هەڵبژاردنەکە بەستراوەتەوە بە سەرکەوتنی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا. دەشڵێت، رێکنەکەوتنی ئێران و ئەمریکا "فەوزا" لە عێراق دروست دەکات.
 
سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە حکومەتی داهاتوو، لاهوور شێخ جەنگی گوتی: "کاک بافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتی تەلەفۆنی بۆ کردم." هەروەها دەڵێت: "بە شاندی پارتیمان گوت ئەگەر حیسابی دوو کورسیمان بۆ بکەن گفتوگۆ ناکەین"، چونکە پێیوایە دەنگی ئەوان لە شەقام زیاترە وەک ئەوەی لە سندووقەکانی دەنگدان راگەیێندرا.
 
لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی، مەسرور بارزانی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کردووە سەبارەت بە بەشدارییان لە حکومەت، بەڵام پێیڕاگەیاندووە: "ئەگەر هەرێمی کوردستان ببێتەوە دوو زۆن دێمە دەنگ."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: لە ھەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکەم، شەش مانگە ھەڵبژاردنی پەرلەمان کراوە، تاوەکو ئێستا پەرلەمان یەک دانیشتنی کردووە و سەرۆکایەتی ھەڵنەبژاردووە، پارتی و یەکێتی لە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتدان. پێتوایە ئەو گفتوگۆیانە بەرەو کوێ دەچن؟ بەبڕوای ئێوە کەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکدێت؟ 
 
لاهوور شێخ جەنگی: ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر ئەستۆی پارتی و یەکێتی بەڕاستی، کە براوەی ھەڵبژاردن بوون، ئەگەر بە دیزاینکراو بێت بە ساختەکاریش بێت، ئەرکەکە لەسەر شانی ئەوانە. بینیومانە لە رۆژانی رابردوودا چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە، بەڵام ئەوەی من دەیبینم لە ھەردوولا ئومێدم نییە بە زووویی بتوانن حکومەت پێکبهێنن. کێشەکە لەسەر ھەموو موماتەڵە ھەیە. لەولا و لەولا دەبیستم، یەکێک لە لایەنەکان حەز دەکات پرسەکە بیگەیێنێتە ھەڵبژاردنی عێراق، لەوێ سازش لەسەر پۆستەکان بکەن، گفتوگۆ لەسەر پۆستەکان بکەن. لەوانە پۆستی سەرۆککۆمار، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
 
رووداو: پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی ھەم یەکێتی ھەم پارتی پێموابێ دەستپێشخەرییان بۆ کردن، بۆ ئەوەی بەشداریی لە حکومەتدا بکەن. بۆچی بەشداریتان نەکرد؟
 
لاهوور شێخ جەنگی: یەکێتی بە رەسمی نا، تەنیا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەنێوان من و کاک بافڵ بوو. واتە کاک بافڵ بە رەسمی وەکو یەکێتی موبادەرەی ئێمەیان نەکرد، تەنیا وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کاک هۆشیار زێباری سەردانیان کردین. بەڕاستی ئێمە پێمانگوتن ئەگەر حیسابی دوو کورسی بۆ ئێمە بکەن، ئێمە ئامادە نین ئەسڵەن بێینە گفتوگۆ لەگەڵتان، چونکە ئێمە دەزانین دەنگەکانی ئێمە لەسەر جادەیە، دەنگی ئێمە لەناو سندووق نییە، ئەو هەڵبژاردنە تەزویر و دیزاینکرابوو، ئەگەر بە حیسابی دوو کورسی بێین لەگەڵ ئێمە مامەڵەکان ئێمە ئامادە نین. ئێمە زۆر بە دوای پۆستیشەوە نین، بەڕاستی ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە حکومەتێکی سەرتاسەری بێت و دەستی حیزب دوور بخرێتەوە. ئەمەی کە ئێستا لەم چوار ساڵی رابردوو بینیمان بەداخەوە حیزب بە تەواوەتی بەسەر دام و دەزگاکانی حکومەت زاڵە، کە چەند ساڵ ئێمە ھەوڵمان دا دامەزراوە دروست بکەین، دەبینین ئێستا رۆژ بە رۆژ بەرەو کزبوون و لاوازبوون دەچن. ئەوەی کە بەلای ئێمەوە گرنگە بەڕاستی دۆخی خەڵکە، دۆخی مووچە و ژیان و بژێوی خەڵکە خزمەتگوزارییەکانە و حکومەتێکی سەرتاسەری و ئەم دوو زۆنییە، کە بەڕاستی بەرۆکی میللەتی کوردی گرتووە بۆ سی ساڵ دەچێت کۆتایی پێبێت.  ئەوە نەبێت ئێمە قسەی دیکەمان دەبێت.
 
رووداو: قسەی چیتان دەبێت؟
 
لاهوور شێخ جەنگی: ھەموو رێگایەک دەگرینە بەر. من بە کاک مەسروریشم گوت، کە تەلەفۆنی بۆ کردم داوای کرد کە بەشدار بم لە حکومەت. پێمگوت من حەز دەکەم ئێوە و یەکێتی ئەو بابەتە یەکلایی بکەنەوە، جارێک بزانین چیتان بەسەر دێت، یەک داواکاریم ھەبوو کە من یەکەم کەس دەبم دێمە دەنگ، ئەگەر بزانم حکومەت پێکدێنن و دیسان زۆن دابەش دەکرێت و حیزب لە جیاتی حکومەت دەبێت.
 
رووداو: جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی پارتی، کاک مەسروریش پەیوەندی بە بەڕێزتەوە کردووە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت؟
 
لاهوور شێخ جەنگی: بەڵێ لەگەڵ کاک مەسروور جار جار قسە دەکەم، بەڵێ هەر دوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی پارتی پەیوەندی پێوە کردم. من ئەوە داواکارییەکەم بوو. گوتم ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، بەڵام  دڵنیابن من یەکەم کەس دەبم زۆر بە توندی لە دژتان دەوەستمەوە، ئەگەر بزانم حکومەت پێکدێنن، حکومەتێکی شکڵی دەبێت و وەک ئەوەی ئێستا بڵێن ھەرێمی کوردستان ھەیە و یەک حکومەت ھەیە، بەڵام لە ناوەرۆکدا بەڕاستی دوو حکومەتە دوو زۆنە و حیزب لە جیاتی دامەزراوەکانی حکومەت بڕیار دەدا.
 
رووداو: ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق؟
 
لاهوور شێخ جەنگی: وا خەریکین، لەوانەیە هەوڵێک لەلایەن ھێز و لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی هەبێت. دەیگەینە هەڵبژاردن یان نا، پەیوەستە بە کە دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا. پێموایە ئەگەر ئێران و ئەمریکا نەگەنە جۆرێک لە رێککەوتن، لەو باوەڕەدام هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەکرێت. یان کێشەی بۆ دروست بکرێت. کێشەی بۆ دروست بکرێت لە بەغدا.
 
رووداو: ئەوە بۆشایی دەستووری دروست ناکات؟ چونکە لە دوای 2005 هەڵبژاردن لە عێراق دواخراوە.
 
لاهوور شێخ جەنگی: کەم رووی داوە، بەڵام فەوزا تووشی عێراق دەبێت. بەڕاستی من ئەوەی من ئاگادارم ئەگەر رێککەوتن لە نێوان ئێران ئەمریکا نەکرێ‌ت، جۆرەها کێشە روو لە عێراق دەکات.
 
رووداو: مەبەستی چی بوو لە ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، بە تەمای ھاوپەیمانێتین بە تەمای دروستکردنی بەرەیەکن؟
 
لاهوور شێخ جەنگی: ئەگەر ھەر شتێک لە بەرژەوەندی ئەوە بێت کە دەنگی کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان نەفەوتێت. من حەزم لە پرۆژەیەکی لەم جۆرەیە، چونکە من لە رابردووش کە ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو دەمتوانی بەشداری بکەم و یان کورسی ببەم یان دەنگی کورد بسووتێنم، پرۆژەیەکم ئاراستەی پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکان کرد بۆ ئەوەی کورد ھەوڵ بدات بە یەک دەنگ بەشداری بکات، چونکە هەلێک لە بەردەم کورد بوو پەنجا کۆ یەک بهێنێت، ئەو کاتە باوەشی بۆ عەرەب و تورکمان کردباوە لە رووی ھێزەوە، بەڵام بینیمان نەیانکرد. ئێستاش من ھەر پرۆژەیەک لە خزمەتی ئەوە بێت کە دەنگی کوردزیاد بکات، یاخود نەھێڵێت دەنگی کورد بفەوتێ لە ناوچە دابڕێنراوەکان بە تایبەتی لە کەرکووک، ئامادەم پێشوازی لە ھەر پرۆژەیەکی لەو جۆرە بکەم.
 
رووداو: ئێستا یەکێتی پێشنیازێکی بۆ پارتی کردووە بۆ ئەوەی بەیەکەوە لیستێک دروست بکەن ئەگەر ئەوە پێشنیازێکیش بۆ ئێوە بکات. هەڵوێستتان چی دەبێت.
 
لاهوور شێخ جەنگی: ئەگەر کورد ئامادەبێت بە یەک لیست دابەزێت لە کەرکووک، من ئامادەم کاندیدیشم نەبێت، خۆم ماڵ بە ماڵیان بۆ دەکەم. لەپێناو ئەو پرۆژەیەی کە کورد یەک دەنگ بێت. مەسەلەکە  لە من و کاندیدێکی من و لە حیزبێک گەورەترە. ناسنامەی نەتەوەیەکە خەریکە وردە وردە لەبار دەچێت، بەڕاستی لەدەست دەچێت.
 
رووداو: کاک لاهور باسی ئێران و ئەمریکات کرد. ئەمریکا ئەو هەڕەشانەی کە لە گروپە چەکدارەکانی دەکات لە عێراقدا دەیکاتە کردار؟
 
لاهوور شێخ جەنگی: هەڕەشەی ئەوتۆی نەکردووە تاوەکو ئێستا. ئەم حکومەتە تازەیە سێ چوار مانگ زۆرتر بە شەڕی ئۆکرانیا و شەڕی غەززە خەریک بووە. سیاسەتی ئەمجارەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە لە چاوی ئیسرائیلەوە سەیری شتەکان دەکات. لە دوای رووداوەکانی غەززە، زۆرترین مەترسی لە عێراقەوە رووبەڕووی ئیسرائیل بووەوە. پێموایە ئەوەی لە سووریا روویدا، تەنانەت لە عێراقیش کارێک دەکەن کە جارێکی نەتوانرێت لە عێراقەوە هەڕەشە بکرێتە سەر ئیسرائیل و ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداو. 
 
رووداو: هەڕەشەی ئەمریکا لە گرووپە چەکدارەکان لە عێراق جیددیە.
 
لاهوور شێخ جەنگی: پێموایە جیددییە.
 
رووداو: واتە ئەوەی ئەگەر چەک دانێنن لێتان دەدەین؟
 
لاهوور شێخ جەنگی: وەکو باسم کرد تۆ ئەم ھێز و گرووپانە بوونە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانییەکانی لە ناوچەکە، مەسەلەکە ئەمریکا خۆی نییە. من پێموایە دەبێت چنگی ئەو هێزانە بکرێت، کە لە رابردوو لە دەرەوەی یاسا بوون لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق هەندێک بڕیاریان دا هەندێک جموجۆڵیان کرد. ئەمجارە دەبێت کۆتایی بەم جموجوڵانەیان بهێنن بە خۆشی یان بە ناخۆشی. 
 
رووداو: حکومەتی عێراق دەتوانێت کۆنترۆڵییان بکات؟
 
لاهوور شێخ جەنگی: نەخێر، نەخێر  راستە من گوێم لە بەڕێز سەرۆک وەزیران گرت محەمەد شیاع سوودانی کە باسی حەشدی شەعبی کرد و گوتی ئەوانە لە ژێر کۆنتڕۆڵدان، بەڵام من پێموایە نەخێر.  خۆ حکومەتی عێراق فەرمانی پێ نەکردبوون، مووشەک بە ئیسرائیل و کەشتییەکانی ئەمریکاوە بنێن، بەڵام بینیمان زۆرترین هەڕەشەکان لە عێراقەوە دەکران. واتە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نەبوون.
 
رووداو: بۆچوونی جەنابت لەسەر رۆژئاوای کوردستان و ئەوەی کە لە سووریا ھەیە چییە؟ 
 
لاهوور شێخ جەنگی: ئێستا واقیعێک دروست بووە، ئەوان دەبێت خۆیان بگونجێنن. ئەوەی دەیبینم ئێستا بە عاقڵانە ھەنگاویان ناوە. ئەمریکاش لەسەر هێڵە سەرەڕای ئەوەی کە لەوانەیە زۆر بە زەقی نەبێت، بەڵام دەبینین ھەندێک دانوستاندن و جۆرێک لە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کراوە، یان ئەو ئاگربەستەی ھەیە ئێستا، کە تورکیا مەسەلەن ھێرش ناکاتە سەر بەنداوی تشرین، جۆرێک لە گفتوگۆ دروست بووە. من پێموایە هەلێکی باش لە بەردەم کوردە لە سوریا کە هەوڵ بدات پەلە نەکات لە زۆر شت، چونکە بەڕاستی من خۆم زۆر دڵنیا نیم لەو بارودۆخەی دەگوزەرێت لە سووریا. چونکە ئەحمەد شەرع کۆنترۆڵی بەسەر ھەموو شتێکدا نییە، چەندین ناوچە لەژێر دەستی ئەودا نین، چەندین گرووپی جیان، دوایی لە دەستوورەکەشدا ھیچ مافی کورد و پێکھاتەکانی دیکەی تێدا نییە.
 
رووداو: بەڵام دەستوورەکە کاتییە؟
 
لاهوور شێخ جەنگی: راستە کاتییە، بەڵام دەیتوانی نیەتپاکی نیشان بدات. ئەوە ئەقڵانیتر بوو لە ئێستادا ھەموو پێکهاتەکان پێکبکات و لە داهاتوودا ئەوانە هەلێکیان لەبەردەمە، بەڵام تۆ ئۆتۆماتیکی هاتووی هەر لە ئێستاوە دەرگات بە رووی هەموویاندا داخستووە ئەوە دەرگا بە رووی شتی دیلەدادا دەکاتەوە، لەوانە دەستوەردانی هەرێمی و وڵاتانی دیکە. 
 
رووداو: پێتوایە ئایندەی کورد لە سووریا چۆن دەبێت؟
 
کورد تازە بتەوێت بە جۆرێک لە جۆرەکان شوێنپێی خۆی قایم کردووە، شەڕی داعشی کرد، ھەندێک شت لەبەر دەستی کورددایە، لەوانە بەندکراوانی داعش، کە ئەمە بۆ وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا شتێکی گرنگە، کانزایەکە و لەبەر دەستی کوردە و دەتوانێت بەکاری بهێنێت. یاخود کەمپی ئەڵهۆڵ، ئەمە شتێکە کە تەنیا کورد دەتوانێت پارێزگاریان لێ بکات. کورد هەرچەندە رەگی داکوتیوە، بەڵام ئایندەکەی پەیوەستە بە دانوستاندنەکانی کورد و تورکیا و پرۆسەی ئاشتی.
 
رووداو: دواپرسیارم لە جەنابت لەسەر پەرلەمانە، کەی دەست لە کار دەکێشیتەوە؟
 
لاهوور شێخ جەنگی: دەمێکە نامەم بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسیوە، دیارە گوتیان بەپێی یاسا دەبێت دوای دانیشتنی یەکەم و دووەم بێت. ئەو کەسەی کە دەچێتە شوێنی من، سوێندی یاسایی بەخوا. 
 
رووداو: واتە ناچیتە پەرلەمان؟
 
لاهوور شێخ جەنگی: نەخێر ناچمە پەرلەمان؟
 
رووداو: زۆر زۆر سوپاس دەکەم کاک لاهور 
 
لاهوور شێخ جەنگی: سوپاس بۆ جەنابت زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک کە گوزارشت لە ئالوودەبوویەکی هۆشبەر دەکات. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

'لە شەقڵاوە ناوەندێکی شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر دروست دەکرێت'

راوێژکارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناوەندێکی شیاندنەوە بۆ ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر لە قەزای شەقڵاوە دروست دەکەن. گوتیشی، "نزیکەی 50%ی کارەکانی تەواو بوون و لە داهاتوویەکی نزیکدا، تێیدا دەستبەکار دەبین."