رووداو دیجیتاڵ
بە بریاری ئەنجوومەنی رێکخستنی بازرگانیی سنووری پارێزگای ورمێ، 87 جۆری کەلوپەل دیاریکران، کە رێگە دەدرێت لەلایەن کۆڵبەرانەوە هاوردە بکرێن.
ئەنجوومەنی رێکخستنی بازرگانیی سنووری پارێزگای ورمێ بە ئامادەبوونی رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پێدانی مۆڵەتی فەرمی بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل لە لایەن کۆڵبەرانەوە تاوتوێکرا.
رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، بریاردرا رێگە بدرێت 87 جۆری کاڵا لە لایەن کۆڵبەرانی پارێزگاکەوە لەو شوێنانەی کە بۆ ئەم مەبەستە دیاریکراون، هاوردە بکرێن.
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، بە بڕیاری حکومەتی ئێران، چەند ناوچەیەکی سنووریی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل لەلایەن کۆڵبەرانەوە دەستنیشان کران.
بڕیارەکە ناوچەکانی سەردەشت، میراوە و پیرانشار لە پارێزگای ورمێ دەگرێتەوە.
بە گوتەی پارێزگاری ورمێ، بەشێک لەو کەلوپەلانەی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا دەست ناکەوێت، دەتوانرێت لە رێگەی کۆڵبەرییەوە دابین بکرێت. رەزا رەحمانی دەڵێت، کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی سنوور و کۆڵبەران، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر گەشەسەندنی ئابووری ناوچەکە دەبێت.
رەحمانی گوتیشی، پارچە یەدەگی ئۆتۆمبێل، ئامێرە کارەباییەکان، کەرەستەی نێوماڵ، خۆراک و چەندین کاڵای دیکە لەو شتانەن کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی رێکخستنی بازرگانیی سنووری پارێزگاکە، رێگە دەدرێت لە لایەن کۆڵبەرانی ناوچەکەوە هاوردە بکرێن.
پارێزگاری ورمێ روونیکردەوە، پێویستە چەندین ناوەندی بازرگانی لە سنوورەکانی پارێزگاکە بۆ کەلوپەلە هاوردەکراوەکان لە رێگەی کۆڵبەرییەوە بکرێنەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی پارێزگاکانی دیکە بتوانن گەشت بکەن بۆ کڕینی کاڵای پێویست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ