هەڵمەتی رۆژنامەڤانیی یەک هەفتەیی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت منداڵانی ئۆتیزم، لە ئاستی جیهان دا دەنگیدایەوە و رێزی لێگیرا.
کۆمەڵەی ئۆتیزمی ئەمریکی، رۆژی 7ـی ئەیلوول بڕوانامەی رێزلێنان و دەستخۆشیکردن دەداتە تۆڕی میدیایی رووداو، بەرامبەر هەڵمەتی یەک هەفتەیی رووداو سەبارەت بە ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان ئۆتیزمیان تێدا دەستنیشانکراوە.
کۆمەڵەی ئۆتیزمی ئەمریکی، 58 ساڵە دامەزراوە و گەورەترین کۆمەڵەی هاوکاریکردن و پاراستنی مافی ئەو کەسانەیە ئۆتیزمیان هەیە لە ئەمریکا و جیهان.
ئەو بڕوانامە و دەستخۆشییەی دراوەتە تۆڕی میدیایی رووداو لەلایەن کریستۆفەر بانکس، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکار و، ترەیسی ستاڵی، سەرۆکی بۆردی کۆمەڵەی ئۆتیزمی ئەمریکییەوەیە.
تۆڕی میدیایی رووداو لە ماوەی (7 بۆ 14ـی ئابی 2023)، رووماڵێکی گەورە و فراوانی لەسەر ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە لە هەرێمی کوردستان کرد، بەمەبەستی دروستکردنی هۆشیارییەکی کۆمەڵگەیی سەبارەت بە منداڵانی ئۆتیزم و، خستنەڕووی پێداویستیی ئەوانەی ئۆتیزمیان تێدا دەستنیشانکراوە و خێزانەکانیان، هەروەها بەمەبەستی نیشاندانی زەحمەتییەکانی خۆیان و خێزانەکانیان.
رووداو بەدرێژایی ئەو هەفتەیە چەندین راپۆرت، نیوزفیچەر، هەواڵ و بەرنامەی کاریگەری لەسەر ئەوانە بڵاوکردەوە کە ئۆتیزمیان تێدا دەستنیشانکراوە.
ئەم بڕوانامە و دەستخۆشییەی گەورەترین کۆمەڵەی هاوکاری و پاراستنی مافی ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە لە جیهان دا، دەرگایەکی فراوان دەکاتەوە بۆ نیشاندانی دۆخی منداڵانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان و پێشکێشکردنی پڕۆژە بۆ وەرگرتنی یارمەتی بۆیان لە رێکخراوە جیهانییەکان.
تۆڕی میدیایی رووداو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ