رووداو – واشنتن
کۆمەڵەی ئۆتیزمی ئەمریکی بڕوانامەیەکی دەستخۆشی و پێزانین دەداتە تۆڕی میدیایی رووداو. لە بڕوانامەکەدا هاتووە ''تۆڕی میدیایی رووداو پابەندە بە دروستکردنی پەیوەندی و بەهێزکردنی کۆمەڵگەی ئۆتیزم بە سەرچاوەی پێویست بۆ ئەوەی باش بژین".
بڕوانامەکە لەلایەن کریستۆفەر بانکس، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکار و، ترەیسی ستاڵی، سەرۆکی بۆردی کۆمەڵەی ئۆتیزمی ئەمریکییەوە واژۆکراوە.
کۆمەڵەی ئۆتیزمی ئەمریکی یەکێکە لە کۆنترین و کاریگەرترین کۆمەڵەکانی داکۆکیکردن لە مافی ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە لە ئەمریکا و جیهان. ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی 1965 لەلایەن بێرنارد ریملاند و ئیڤار لۆڤاس دامەزراوە و بنکە سەرەکییەکەی لە شاری رۆکڤیڵە لە ویلایەتی مێریلاند.
تۆڕی میدیایی رووداو لە ماوەی هەفتەیەکی مانگی ئابی رابردوودا (7 بۆ 14ـی ئابی 2023)، رووماڵێکی گەورە و فراوانی لەسەر ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان کرد. رووماڵەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک دەیان چیرۆکی ژیانی پڕ زەحمەتی و ژیانی سەختی منداڵانی ئۆتیزم و خێزانەکانی گەیاندە بینەران و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و جیهان.
دوو بەرنامەی لەگەڵ رەنج لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای دهۆک ئەنجامدران و دایکان و باوکانی خاوەن منداڵی ئۆتیزم چیرۆکەکانی خۆیان گێڕایەوە. لەنێو بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) لە سلێمانی، ئاشنا ئاری، دایکی منداڵێکی ئۆتیزم گوتی "ژیانی خۆم و مێردەكەم فەوتاوە". ئاشنا لە بەرنامەکەدا روودەکاتە میوانەکان و بە دەنگێكی كەمێك بڵند دەڵێت "بابەتەكە زۆر قوڕبەسەرییە بۆ بەهێمنی باسی دەكەن، خێزان هەیە منداڵەكەیان لە ماڵەوە بە محەجەرەیەكەوە بەستووەتەوە، ئەگەر شوێنێك هەبێت بۆ راهێنان و هێمنكردنەوەیان ،چۆن شتی وەها روودەدات!"
جگە لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج، بەرنامەی (بەرپرسیار)، هەروەها چەندین بڕگە و بەرنامەی تایبەتی مەیدانی دکتۆر لۆنا، پۆدکاست، بووڵتەنی تەندروستی و بووڵتەنی دیکەی تایبەت بە پێویستیی منداڵانی ئۆتیزم لە تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرانەوە.
رووماڵەکەی رووداو بۆ دۆخی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە نێوخۆ و دەرەوەش هەبوو. کۆمەڵەی ئۆتیزمی ئەمریکی وەک یەکێک لە گرنگترین کۆمەڵەکانی هاوکاریکردن و پاراستنی مافی ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە لە جیهان، ستایشی رۆڵی رووداو دەکات لەو بوارەدا.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگشتی 3،489 كەس لە كوردستان ئۆتیزمیان هەیە. زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن كە 1400 كەسن و، دواتر لە پاریزگای سلێمانی 1214 کەس ئۆتیزمیان هەیە، لە سنووری پارێزگای دهۆكیش 875 كەس ئۆتیزمی هەیە.
بەپێی قسەی د. ناجی عەلی، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆتیزم لە وەزارەتی كار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، لەو كەسانەی ئۆتیزمیان هەیە 385ـیان مووچەیەكی 150 هەزار دینارییان هەیە کە دەکاتە 100دۆلاری ئەمریکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ