رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ بۆ بەقەزاکردنی هەریر کۆدەبێتەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، لە کۆی 29 ئەندامی ئەنجوومەنەکەیان، 25ـیان ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەبن و پێشبینی دەکەن زۆربەیان دەنگ بە بەقەزاکردنی هەریر بدەن.
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 11:30ـی پێشنیوەڕۆ، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 110ـی خۆی دەکات و بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، راپۆرتی لیژنەی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگا ژمارە 7917 لە 24-07-2023 دەخوێنرێتەوە کە هێنانە کایەی قەزای هەریرە؛ هەروەها پچڕاندنی ناحیەی باسرمەیە لە قەزای شەقڵاوە و لکاندنییەتی بە قەزای هەریرەوە."
عەلی رەشید گوتی، "ئەنجوومەن 30 ئەندامی هەبوو. ئەندامێکی کۆمەڵ کشایەوە و ئێستا 29 ئەندامن، لەو ژمارەیەش تەنیا 25ـیان ئامادەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەبن و ئەوانی دیکە مۆڵەتیان وەرگرتووە. پێشبینی دەکەین لەو 25 ئەندامە، 23 ئەندامیان دەنگ بە بەقەزاکردنی هەریر بدەن."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی هۆکاری بەقەزاکردنی ناحیەی هەریر دەڵێت، "گەورە بووە؛ ژمارەی دانیشتوانی زیادی کردووە و بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ئاسانی و تەرخانکردنی بودجەی دیاریکراو، وا پێویست دەکات بکرێتە قەزا."
لەبارەی دیاریکردنی قایمقام بۆ هەریر دوای بوونی بە قەزا، عەلی رەشید دەڵێت، کە دەنگ لەسەر بەقەزاکردنی درا، بڕیارەکە دەنێردرێت بۆ پارێزگای هەولێر و ئەوانیش بۆ وەزارەتی ناوخۆی دەنێرن و دواتر دەنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران؛ دوای پەسەندکردنی، کار دەکرێت بۆ دانانی قایمقامێک بۆ قەزاکە.
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، هەر ئەمڕۆ پچڕاندنی ناحیەی باسرمە بە قەزای شەقڵاوە و لکاندنی بە هەریرەوە دەخرێتە دەنگدانەوە.
رۆژی 19-07-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی هەریەکە لە پیرمام، عەنکاوە و قوشتەپە کرانە قەزا، بڕیاردرا ناحیەی هەریریش بکرێتە قەزا و, "بەمزووانەش رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان بۆ تەواوکردنى کاروبارەکان دەستپێدەکەن."
بەگوتەی ئومێد خۆشناو، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی بۆ بەقەزاکردنی ناحیەکە دەرکردووە و بڕیارەکە بۆ گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستی ئاوەدانى زیاترە بە سنوورەکە.
ناحیەی هەریر سەر بە قەزای شەقڵاوەیە لە پارێزگای هەولێر و دانیشتووانەکەی زیاتر لە 22 هەزار کەسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ