تورکیا: هەفتەی رابردوو زیاتر لە هەزار پێگەمان بۆردوومان کردووە و 14 گەریلا و شەڕڤان کوژراون

27-03-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە هەفتەی رابردوودا لە باشوور و رۆژئاڤای کوردستان ئەنجامدراون، 14 گەریلا و شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە. هەپەگە و هەسەدە تاوەکو ئێستا پشتڕاستیان نەکردووەتەوە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە ئەنقەرە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی رێکخست.
 
لیوا زەکی ئاکتورک ئاماژەی بەوە کرد، لە هەفتەی رابردوودا سوپای وڵاتەکەی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی لە باشوور و رۆژئاڤای کوردستان لە دژی پەکەکە و هەسەدە ئەنجامداوە. بەهۆیەوە 14 گەریلا و شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە. "بەمەش ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە یەکی کانوونی دووەمەوە تاوەکو ئەمڕۆ [27ـی ئادار] لە باکووری عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج گەیشتووەتە 537 تیرۆریست."  
 
لیوا زەکی ئاکتورک راشیگەیاند: "سوپای تورکیا کە بەردەوامە لە داخستنی لانەکانی تیرۆر، لە نێو ئەو ئەشکەوتانەی تیرۆریستان کە لە ناوچەی چنگ-قفڵ لە باکووری عێراق دەستی بەسەردا گرتوون، ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی و پێداویستی ژیانی تیرۆریستانی دەستبەسەردا گرتووە." 
 
رۆژی 25ـی مانگ، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە بڵاویکردەوە، لە 22ـی مانگەوە سوپای تورکیا بە درۆن و فڕۆکە جەنگی و تۆپخانەکانیانەوە هەزار و 24 جار پێگەکانیان بە سەختی بۆردوومان و تۆپباران کردووە. رۆژی 24ـی مانگ، گەریلاکان هێرشیان کردووەتە سەر رەبایەکی هێزەکانی تورکیا لە ئاڤاشین و رەباکەیان تێکشکاندووە بەبێ ئاماژەدان بە کوشتن یان بریندارکردنی سەرباز. 
 
رۆژی 24ـی مانگ، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بڵاویکردەوە، وەڵامی هێرشێکی سوپای تورکیا و هێزەکانی سەر بە تورکیا لە نزیک بەنداوی تشرین و ناوچەی کاراکۆزاک داوەتەوە. لە ئەنجامدا سەربازێکی تورکیا و 12 چەکداری گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا کوژراون. 
 
سەبارەت بە پرسی گەڕاندنەوەی تورکیا بۆ بەرنامەی بەرهەمهێنان و فڕۆشتنی فڕۆکەی جەنگی F-35، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ئەم پرسە دوای ئەوەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی ئەمریکای کرد باس لە سزاکانی کاتسا و پرسی F-35 کراوە.
 
راشیگەیاند: "ئەم پرۆسەیە، سەرەتا لە پەیوەندیيە تەلەفۆنییەکەی سەرۆککۆمار و ترەمپ دەستیپێکرد. دواتر وەزیرانی دەرەوە کۆبوونەوە. لە داهاتوودا کۆبوونەوە تەکنیکییەکان بەردەوام دەبن. ئێمە هەر لە سەرەتاوە دەڵێین کە سزاکانی کاتسا نایاسایین. دەیانجار دووپاتمان کردووەتەوە کە سەپاندنی سزا لەلایەن وڵاتێکی هاوپەیمانەوە بەسەر وڵاتێکی دیکەی هاوپەیماندا دروست نییە." 
 
راشیگەیاند، هەرکات سزاکانی کاتسا هەڵگیران ئەوا گەڕانەوە بۆ پرۆسەی دابینکردنی F-35 هەڵدەسەنگێنین. پێمانوایە ئەگەر سزاکانی کاتسا هەڵگیران، ئەوا تاودانی هاریکاریی لە پرسەکانی پیشەسازیی بەرگریی و ئاسایشدا لەگەڵ ئەمریکا زیاد دەکات." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی لەکاتی پشکنینی خۆراکدا، وێنەکان لە پەیجی فەیسبووکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانییەوە بڵاوکراونەتەوە

قایمقامیەتی سلێمانی: لەڕووی تەندروستیی خۆراکەوە سلێمانی پاکترین شاری عێراقە

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی: پۆلێنکردنەکەمان لەسەر بنەمای گەڕانەکانمانە، لە سەرەتای رەمەزانەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە تەواوی سەردانەکانماندا یەک پسوولەی سەرپێچیمان تۆمار نەکردووە.