رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر دەڵێت، هاووڵاتییان ئازادن لەوەی جەژنانە بدەنە ژینگەپارێزان یاخود نا، هەر ژینگەپارێزێک خەڵک بێزار بکات، سزادەدرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، ژیار جەلال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەندین ساڵە وەکو کولتوورێکی جوانی شاری هەولێر، خەڵکی جەژنانە بە ژینگەپارێزان دەدەن، وەکو رێز و بەهایەک بۆ کارەکەیان، بەڵام ئەم بابەتە تەواو ئارەزوومەندانەیە، هیچ هاووڵاتییەک ناچار نییە هیچ بڕە پارەیەک بەناوی جەژنانە یان بە هەر ناوێکی دیکە بداتە ژینگەپارێزان."
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر گوتی: "لە چەند رۆژی رابردوو، لە دوو حاڵەت ئاگادارکراینەوە، دوو کەس بەناوی ژینگەپارێزان پارەیان لە خەڵکی وەرگرتبوو، بەڵام دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەمان بۆ کرد، دەرکەوت ژینگەپارێز نەبوون".
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، هاونیشتمانییان و هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە هەر ژینگەپارێزێک "بێزاریان" بکات و داوای پارەی جەژنانە بکات، دەتوانێت پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنەوە بکات: 07509584838.
لەبارەی سزاکەیانەوە، ژیار جەلال دەڵێت، "لە پێبژاردنەوە دەستپێدەکات تاوەکو لادان لە کار، ئەگەر دەرکەوت کە کارێکی نەشیاوی کردووە وەک (بەزۆر وەرگرتنی پارە، دیاریکردنی بڕەکەی، دانانی نیشانە لەسەر دەرگا و تەنەکەی خۆڵی ماڵان، یان زبڵ هەڵنەگرنەوە ئەگەر پارەیان پێ نەدان) ئەوکات لە کار لادەدرێن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر، هەزار و 227 ژینگەپارێز لە پارێزگای هەولێر کاردەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ