رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد کە باس لە ژیان و خەباتی پێشمەرگەیەکی شەهید دەکات؛ بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ''گەلی کوردستان قەرزداری بوێری و گیانفیدایی شەهیدانن''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-03-2025، بەڵگەفیلمێک بە ناوی ''هەڵۆی بادینان'' بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو و ژمارەیەک لە کەسایەتییە حیزبی و حکومییەکان لە دهۆک نمایشکرا.
بەڵگە فیلمەکە لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمهێنراوە کە باسی ژیانی پێشمەرگایەتیی یەکێک لە پێشمەرگە قارەمانەکان بە ناوی شەهید شەعبان غەفار دەکات کە بەهۆی ئازایەتییەوە بە ''هەڵۆی بادینان'' ناسراوە.
پێش نمایشکردنی بەڵگەفیلمەکە، ئاکۆ محەممەد گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئەمڕۆ شەهید شەعبان غەفار زیندووە، چونکە ئێمە هەموومان لەبەر ئەو لێرەین و هەموومان لەم رۆژە پیرۆزەی مانگی رەمەزاندا باسی چاکە و جوامێرییەکەی دژی ستەم و داگیرکاری دەکەین.''
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی دا، ''گەلی کوردستان قەرزداری هیچ کەسێک نین، بەڵام ئێمە وەکو گەلی کوردستان قەرزداری بوێری و گیانفیدایی شەهیدانی هاوشێوەی شەعبان غەفارین.''
ئاکۆ محەممەد باسی لەوە کرد، قارەمانیەتیی پێشمەرگە بەشێکی گرنگی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازانەی کوردستانە، ''بەڵام بەداخەوە ئەو قارەمانیەتییانە گەلێک کەم کراونەتە مێژوو، فیلم و بەرهەمی شایستەی ئەو بوێری و خوێنە''.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو پاراستنی بەسەرهاتی قارەمانانەی شەهیدانی کوردستان بە شێوەی بەڵگەفیلم، مێژوو یان لە مۆزەخانە مۆدێرنەکاندا بە پێویست دەزانێت و دەڵێت، ئەگەر ئەمە نەکرێت، نەوەی داهاتووی کوردستان وەکو ''بەهایەکی مەزنی نەتەوەیی'' ئەو مێژووە لەدەست دەدەن.
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەر لە نمایشکردنی بەڵگەفیلمەکە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''لە ساڵی 1970ـوە شەهید شەعبان دەناسم، گەنجێکی رێکوپێک بوو وەکو هەمیشە، بەهۆی هەستی کوردایەتی و لێهاتووییەکەی زوو پێشکەوت.''
فازڵ میرانی باسی لە گرنگیی پاراستنی مێژووی خەبات و تێکۆشانی شەهیدانی کوردستانی کرد و گوتی، ''شەعبان و شەعبان و شەعبان و گەلێک شەعبان چوون، لێرەوە تاوەکو خانەقین، ئەوەی کە ماویشن دەڕۆن؛ لەوەی گرنگتر، ئەگەر چووین ناگەڕێینەوە؛ گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت ئێمە لە دەوری مێژووی خۆمان کۆببینەوە، خوێنی شەهیدی خۆمان، ئاڵای وڵاتی خۆمان بپارێزین.''
فازڵ میرانی دەستخۆشی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات کە چەندین جار قۆناخی نهێنی و ئاشکرای خەباتی شۆڕشگێڕانەی کەسایەتییە کوردییەکانی پیشانداوە و لە رێگەی بەڵگەفیلمەوە بەڵگەمەند کراون، ''ئەگەر ئەوە تۆمار نەکەن، بەشێکی گرنگ لەو مێژووە دیار نامێنێت، بۆیە جێگەی رێزگرتن و سوپاسە.''
شەهید شەعبان غەفار، خەڵکی ناوچەی بادینان بووە و لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا لە ساڵی 1963بووەتە پێشمەرگە؛ ئاداری ساڵی 1983 لە ناوچەی ئاکرێ شەهید کراوە.
کرمانج فەرەج کاری دەرهێنانی بۆ بەڵگەفیلمەکە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ