گۆڕانی کوردسات بۆ گۆڕانی گردەکە: کەمینەیەکی تەوریسچین

27-03-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
دوای ئەوەی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لەسەر داواى باڵى گردەکەى بزووتنەوەى گۆڕان، رۆژ و شوێنى بەستنى کۆنگرەى بزووتنەوەکەی دیاریکرد. باڵی کوردساتی بزووتنەوەکە دەڵێ: "چەند کەسێک، بەیاننامەیەکیان بەناوی جڤاتی نیشتمانییەوە بڵاوکردووەتەوە، کە کەمینەیەکی تەوریسچین."
 
باڵی گردی زەرگەتەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، 5ـی نیسان سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانی دەبەستن. باڵی کوردساتیش ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی لە بەستنی کۆنگرە کردەوە و لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "چەند کەسێک، بەیاننامەیەکیان بەناوی جڤاتی نیشتمانییەوە بڵاوکردووەتەوە، کە کەمینەیەکی تەوریسچین، گوایە کۆنفرانس لە گردی زەرگەتە ئەبەستن."
 
لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە، هەمو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، بزووتنەوەی گۆڕان بە هەماهەنگی و لەژێر چاودێری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆنفرانس گرێ دەدا. ئەم کۆنفرانسەش لە کات و شوێنێک دەبێت، کە گونجاو بێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەم رێکارە رێکخراوەییە. بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری کراوە.
 
نزار مه‌حموود ساڵح، ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتمانیی‌ بزووتنەوەی گۆڕان (باڵی گردی زەرگەتە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە کاتی کۆنگرەمان دیاریکردووە، ئەو کەسانەی کە ناویان لە لیستدا هەیە، دەتوانن بەشداری بکەن، ئەگەر بەشدارییان نەکرد، خۆیان بەرپرسن."
بزووتنەوەی گۆڕان بەسەر دوو بەرە (گۆڕانی گردی زەرگەتە و گۆڕانی گەڕەکی کوردسات) دابەشبووە. بەرەی گەڕەکی کوردسات، دووی شوباتیان بۆ بەستنی کۆنگرە دیاری کردبوو، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 29ـی کانوونی دووەم رایگەیاند، ''پەلە نەکرێت لە بەستنی کۆنگرە لەو رێککەوتەدا. بە گوێرەی ئەو داوایەی لە دەستەی گشتیی حیزبەکەوە نێردراوە.''
 
بە گوێرەى نووسراوێک کە هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کاروبارى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە 26ـى ئادارى 2025، ئاراستەى نووسینگەى سلێمانیى کۆمیسیۆنى کردووە، ئاماژەى بەوە داوە کە لەسەر بنەمای داواکارییەکی نوێ کە دەستەى گشتیی بزووتنەوەى گۆڕان پێشکێشکی کردووە، کاژێر 10ـى بەیانی، 5ـی نیسانى 2025، کۆنگرەى بزووتنەوەى گۆڕان دەکرێت. 
 
ئەو وادەیە لەسەر بنەمای بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بووە کە 4ـى ئادار دەریکردبوو کە دەبێت تاوەکو 10ـى نیسان ئەو کۆنگرە بکرێت.
 
ناکۆکییەکان لە چییەوە دروستبوون؟
 
19ـى ئەیلوولی 2024، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بریکارنامەی گشتیی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کرد و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد، ئەو هەنگاوە بزووتنەوەى گۆڕانى کرد بە دووبەرەى دژ بەیەک کە یەکێکیان، زۆرینەى جڤاتى گشتین لە گردى زەرگەتە، ئەوى دیکەیان دانانى ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتى و  زۆرینەى جڤاتى نیشتمانین.   
 
رۆژی 28-09-2024، بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەیدعەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە رێکخست.
 
بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە لە پارکی ئازادی دوای ئەوە بوو، کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە بۆ رێگری لەو رێوڕەسمە رۆژی هەینی (27-09-2024) دەرگای مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش راگیرا.
 
دوای ئەو ناکۆکییانە، 4ـی 10ـی 2024، بزووتنەوەی گۆڕان و رێکخەرە نوێیەکەی بارەگایەکی نوێیان لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی کردەوە و رەتیانکردەوە، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە گردی زەرگەتە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی لەکاتی پشکنینی خۆراکدا، وێنەکان لە پەیجی فەیسبووکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانییەوە بڵاوکراونەتەوە

قایمقامیەتی سلێمانی: لەڕووی تەندروستیی خۆراکەوە سلێمانی پاکترین شاری عێراقە

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی: پۆلێنکردنەکەمان لەسەر بنەمای گەڕانەکانمانە، لە سەرەتای رەمەزانەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە تەواوی سەردانەکانماندا یەک پسوولەی سەرپێچیمان تۆمار نەکردووە.