نەخۆشانی دڵ لە هەڵەبجە لە چاوەڕوانیی ئامێر و پسپۆڕدان

05-03-2025
سازگار سەڵاح
چەند نەخۆشێک لە نەخۆشخانەیەکی هەڵەبجە
چەند نەخۆشێک لە نەخۆشخانەیەکی هەڵەبجە
A+ A-
 
رووداو - هەڵەبجە

نەبوونی ئامێرەکانی تایبەت بە نەخۆشییەکانی دڵ لە هەڵەبجە، کێشەی بۆ نەخۆشەکان دروستکردووە. نیشتمان چوار ساڵ پێش ئێستا قەستەرەی بۆ کرا، لەو کاتەوە دەبێت هەموو مانگێک لە هەڵەبجەوە بچێتە سلێمانی بۆ ئیکۆ و پشکنین و وەرگرتنی چارەسەر و دەڵێت، "ناکرێت هەموو مانگێک سەردانی شارێکی تر بکەین بۆ پشکنین."
 
ئەوین شاخەوان کە دایکی نەخۆشە دەڵێت، "دایکم نزیکەی 4 ساڵە قەستەرەی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی دکتۆر و پسپۆڕی تایبەت لە هەڵەبجە، ئێمە لەو کاتەوە بەردەوام هاتووچۆی سلێمانی دەکەین بۆ چیکێکی خۆی، کە ئیکۆیەکە مانگانە بۆی دەکرێت، بەسیتترین شتە بۆ نەخۆشێکی دڵ بکرێت، بەڵام لێی نییە. هەفتەی جارێک هەیە، ئەویش ئەگەر بۆت بکەن، لە هەموو هەڵەبجە دکتۆری دڵی تێدا نییە، هیچ بوارێکی دڵی لێ نییە؛ چاوەڕێمان کردووە تاوەکو ئەمەی بۆ کردووە، ئەمیش گوتی: وەرە بۆ سلێمانی. قەستەرەکەش حاڵەتی تەواری بوو، ئیحالەی سلێمانی کرا."
 
پزیشکانی پسپۆڕییەکانی دیکە لە هەڵەبجە بەهۆی سیمینارەوە زانیاری لەسەر چارەسەری سەرەتایی نەخۆشییەکانی دڵ وەردەگرن.
 
دکتۆر دانا ئەحمەد باقی، پزیشکی نەخۆشییەکانی دڵ دەڵێت، "ئەم سیمینارە جۆرێکە لە چارەسەرکردن بۆ نەخۆشانی جەڵدەی دڵ دەکرێت، بۆ ئەو کەسانەی دوورن لە قەستەرە و باڵۆن، کە دەبێت لە ماوەی کەمتر لە 120 خولەکدا نەخۆش بگاتە نەخۆشخانە و قەستەرە و باڵۆنی بۆ ئەنجام بدرێت. ئەگەر ئەوە نەبوو، دەبێت دەرزییەکی بۆ بکرێت کە ئەو کڵۆ خوێنە بتوێنێتەوە تاوەکو نەخۆشەکە بگاتە قەستەرە و باڵۆن."
 
ماوەی چوار ساڵە بینای نەخۆشییەکانی دڵ لە هەڵەبجە تەواو بووە، بەڵام ئامێر و پێویستییەکانی نییە.
 
ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت، "لەسەر ئەرکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، بینایەکی مۆدێرنی قەستەرەمان دروستکردووە، نزیکەی دوو ملیار دینار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها لەسەر وەرەقە رەزامەندیمان بۆ هاتووە، کۆمپانیاکانیش دەزانن لەسەر وەرەقەیە، لەبەر ئەوەی لەسەر داهاتی ناوخۆی سلێمانییە و ئەو بڕە پارە نادرێت بە کۆمپانیاکان، دوای ئەوەی سێ جار تەندەرینمان بۆ کردووە، کەس ئامادە نییە بێت ئەو ئامێرە بکڕێت، کە پێویستییەکی حەتمیە و پێویستە بۆ هەڵەبجە. هیوادارین حکومەت هاوکاریی هەڵەبجە بکات و پارەی بۆ دابین بکات. تەندەرەکەمان ناردووەتەوە بۆ وەزارەت."
 
لە هەڵەبجە پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ نییە، ئەوەی هەیە یەک رۆژ لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دادەنیشێت و تەنها ئیکۆ دەکات بۆ نەخۆشەکان، ناتوانێت هیچ چارەسەرێکیان پێبدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو کۆندۆم. وێنە: Upstream USA

WHO: بەکارهێنانی کۆندۆم باشترین رێگەی پێشگیریکردنە لە دووگیانبوون

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، بەکارهێنانی کۆندۆم رێگەی سەرەکییە بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییە گوازراوەکان و باشترین رێگەی پێشگیریکردنیشە لە دووگیانبوون.