رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت، رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون دەگیرێتەبەر. دەشڵێت، "لەگەڵ ئەو پارێزگایانەی نەخۆشییەکەیان تێدا بڵاوبووەتەوە، پەیوەندییەکانمان سنووردار دەکەین".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20-04-2025، بێگەرد تاڵەبانی لە رێوڕەسمی ''پەردەلادان لەسەر پەیکەری هەنار'' وەک یەکێک لە هێماکانی هەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ دەرەوەی وڵات، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''ویستمان لە رێگەی دانانی ئەم پەیکەرەوە لەنێو حەوشەی وەزارەت، ئەوە پێشان بدەین کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا وەزارەتی کشتوکاڵ کاری لەسەر هەناردەکردنی زۆر بەرهەم بۆ دەرەوەی وڵات کردووە.''
تاوەکو ئێستا دوو کەس لە کەرکووک بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە. بێگەرد تاڵەبانی گوتی: ''کەرەنتینەمان لەسەر سنوورەکان هەیە. ئەو ئاژەڵانەی لە دەرەوە دەهێندرێن، سەرەتا کەرەنتینە دەکرێن، پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت، ئینجا دەهێندرێنە نێو هەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ عێراق ئەم رێکارانە ناگیرێنەبەر.''
وەزیری کشتوکاڵ وەک رێکارێک بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە رێکاری پێویست دەگرینەبەر و بە هاوئاهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ئامادەکاری بۆ سەرجەم پێداویستییە تەندروستییەکان دەکەین.''
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی: ''بێگومان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کار بۆ ئەوە دەکەین پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو پارێزگایانەی نەخۆشییەکەیان تێدا بڵاوبووەتەوە سنووردار بکەین، بۆ ئەوەی لەوێوە هیچ بەرهەمێک نەهێندرێتە هەرێمی کوردستان.''
بەگوتەی بێگەرد تاڵەبانی، لیژنەیەکی باڵاش لە وەزارەتەکە پێکهێندراوە و ''سبەی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو نەخۆشییە، رێکاری پێویست رابگەیێنن و رێگە نەدەن بگاتە هەرێمی کوردستان.''
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و جاروباریش دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10٪ بۆ 40٪ـە. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
وەزیری کشتوکاڵ باسی هەناردەکردنی بەرهەمی نێوخۆ کرد بۆ دەرەوە. گوتی، جگە لە هەنار، کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی خۆماڵی هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە کراون، ''بەڵام هێشتا خواستمان بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و پەرەپێدانی بەروبوومی کشتوکاڵی هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین بازاڕ بدۆزینەوە. ئەمە ئەرکی سەرەکیی وەزارەتی کشتوکاڵە.''
وەزیری کشتوکاڵ باسی لە ئەگەری هەناردەکردنی مریشک بۆ دەرەوەی وڵات کرد و گوتی: ''کارمان لەسەر کردووە و چەند جارێک دانیشتنمان لەگەڵ خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان هەبووە. لەڕاستیدا تێچووی بەرهەمهێنانی کیلۆیەک مریشک لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە وڵاتانی دیکە زیاترە، بۆیە بابەتی هەناردەکردنی کەمێک قورس بووە.''
بێگەرد تاڵەبانی گوتی: ''لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵ دەدەین بەپێی پێداویستیی خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەکان، تێچووی بەرهەمهێنان کەم بکەینەوە.''
بەگوتەی وەزیری کشتوکاڵ، کۆمپانیایەکی گەورە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەبازاڕکردنی بەروبوومی کێڵگە پەلەوەرییەکان پێک دەهێندرێت ''کە جگە لەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی بەروبووم کەم دەکاتەوە، پاڵپشتیی خاوەن پڕۆژەکانی بواری کێڵگە پەلەوەرییەکانیش دەکات.''
بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند، پڕۆژەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بەمەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی و ''دوای گەڕانەوەی رەزامەندییەکە، لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکان دەست بە رێکارەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئاسانکاریی زیاتر بۆ هەناردەکردنی مریشک بکەین.''
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بە هێلکە کرد کە ''ئێستا هەناردەکردنی دەستی پێکردووە، چەندین پڕۆژەی دیکەیشمان هەیە کە بە مەبەستی هەناردەکردنی جووجەڵە هەر لەم کابینەیەدا خراوەتەگەڕ''.
ساڵانە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 270 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی نێوخۆی 150 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترە، هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 959 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەیەکی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
''بارانبارین لە ئاستی پێویستدا نەبووە''
بێگەرد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە وەرزی بارانبارینی ئەم ساڵ کرد و گوتی: ''بەداخەوە بارانبارین لە ئاستی پێویستدا نەبوو. بێگومان ئەوە کاریگەری لەسەر بەشێک لە ناوچەکان بەتایبەتی دەشتی هەولێر، ناوچەی گەرمیان و دهۆک دەبێت.''
بەگوێرەی راپۆرتەکانی کەشناسی، وەرزی بارانبارینی ئەم ساڵ لە پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان باشترە. وەزیری کشتوکاڵ گوتی: ''لەوێش بڕی بارانبارین لە ئاستی پێویستدا نەبووە. بێگومان ئەم دۆخە هەموو عێراقی گرتووەتەوە.''
پار 9 ملیۆن دۆنم زەوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە گەنم چێندرا و وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی نزیکەی شەش ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنمی لە رێگەی سایلۆکانەوە لە جووتیاران وەرگرت.
وەزیری کشتوکاڵ گوتی: ''بەغدا بەهۆی کەمئاوییەوە بڕیاری داوە ئەم ساڵ بڕی وەرگرتنی گەنم کەم بکاتەوە، چی لە عێراق و چی لە هەرێمی کوردستان. ئێمە ئومێد دەکەین بۆ ساڵانی داهاتوو، بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی، جووتیارانمان لەسەر تەکنیکی نوێی چاندن رابهێنین''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ