تەندروستی

دکتۆر لونا خالید - د. سەباح نامیق، بەرپرسی تەندروستیی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک
prev
next
رووداو - تەندروستی
بەرپرسی تەندروستیی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک رایدەگەیێنێت، تووندکردنی رێکارەکانی نێو کوشتارگەکان و خۆپاراستن لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ لەم وەرزەدا جێبەجێ بکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20-4-2025 د. سەباح نامیق، بەرپرسی تەندروستیی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، لە ئاژەڵدا هیچ نیشانەیەکی تای خوێنبەربوون دەرناکەوێت، هەر بۆیە دیار نییە کە کام ئاژەڵ تووشی بووە یاخود نا.
د. سەباح نامیق دەڵێت: قڕکردنی گەنە و چاودێریی چڕ لەسەر کوشتارگەکان رێگەی سەرەکین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە.
نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک بڵاوبووەتەوە، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان کارمەندی تەندروستییە. ئەمڕۆش هەڵمەتێکی فراوان بۆ قەدەخەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ بە هەڕەمەکی و گۆشتی بێ مۆڵەت و بەخێوکردنی ئاژەڵان لە گەڕەکەکان بەڕێوەدەچێت.
رێگەکانی گواستنەوە بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی بریتین لە:
- لەکاتی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی کوشتنی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
- بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک
بۆچی تای خوێنبەربوون مەترسیدارە؟
تای خوێنبەربوون زیان بە موولوولە تەنکەکانی خوێن دەگەیێنێت و دووچاری خوێنبەربوونیان دەکات، هەر ڤایرۆسەکە ئاستەنگ لەبەردەم خوێنمەیاندن دروستدەکات، لەئەنجامدا خوێنبەربوونی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو دروستدەکات.
نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:
تا
شەکەتی و هەستکردن بە بێهێزی
سەرسووڕان
ئازاری ماسوولکە، ئێسک یاخود جومگەکان
هێڵنج و رشانەوە
سکچوون
ئەو نیشانانەی کە مەترسی لەسەر ژیان دروستدەکەن:
خوێنبەربوونی ژێر پێست یاخود ئۆرگانە ناوخۆییەکان یاخود لە دەم، گوێ و چاو.
لەکارکەوتنی سیستەمی دەمار
کۆما
سستبوونی گورچیلە
ناکارابوونی کۆئەندامی هەناسەدان
ناکارابوونی جگەر
چۆن خۆمان لە تای خوێنبەربوون بپارێزین؟
رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون پڕ ئاڵنگارییە، بەتایبەتی لەکاتێکدا هیچ پێکوتەیەک نییە ڤایرۆسەکە کۆتایی پێبێنێت، بەڵام چەندین رێگە هەن بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون، بۆ نموونە شوێنی کارکردن.
نابێت رێگەبدرێت ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ جووڵەی مێشوولە. لەکاتی گەشت و گەڕان بە نێو هەرناوچەیەک کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت، پێویستە پۆشاکی پێویست لەبەر بکرێت کە دەست و قاچ و رووخسار داپۆشێت. لەکاتی سەربڕینی هەر ئاژەڵێک پێویستە پۆشاک و دەستکێش بەکاربهێنرێت و دوای تەواوبوونی کارەکە، خۆمان و شوێنەکە بشۆین.
رێگەکانی خۆپارێزی لە چەند خاڵێکدا
- پۆشینی پۆشاک و دەستکێش لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- پۆشینی پۆشاکی قۆڵدرێژ لەو شوێنانەی گومانی بوونی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت
- رشاندنی ژینگەی کارکردن
- دوورکەوتنەوە لە ژینگەی گوماناوی
- دوو هەفتە بەر لە سەربڕین، پشکنین بۆ ئاژەڵ بکرێت
- دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
- دەستشۆردن لەدوای سەردانی نەخۆش
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ