پسپۆڕێک: رەنگە ئاوسانی ئاڵووەکان ''لەوزەتێن'' گەشە لاواز بکات، بەڵام بە مەرجێک

19-04-2025
شکار رێبوار
نیشانەکردن وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ لەبارەی نەشتەرگەریی لابردنی ئاڵووەکانەوە ئاشکرای دەکات، دەشێت بەهۆی ئاوسانی ئاڵووەکانەوە گەشە لاوازببێت، بەڵام بە مەرجێک.
 
د. لانە ئازاد، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ بە رووداوی راگەیاند، کاتێک ئەو منداڵانەی ئاڵووەکانیان زوو زوو دەئاوسێن، ئەمە وایان لێدەکات ئارەزووی خواردنیان کەمببێتەوە و گەشەیان دوابکەوێت.
 
وا باوە کە دوای نەشتەرگەریی لابردنی ئاڵووەکان، ساردەمەنی بخورێت.. ئەو پسپۆڕەش بە باشی دەزانێت و دەڵێت: ''گرژبوونی موولوولە خوێنەکان لەو شوێنەی ئاڵووەکان لابراون زیاددەکات، بەمەش خوێنبەربوون کەمدەبێتەوە.''
 
دەقی وەڵامەکانی د. لانە ئازاد، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ لەبارەی نەشتەرگەریی لابردنی ئاڵووەکان؛
 
رووداو: فەرمانی سەرەکیی ئاڵووەکان چییە؟
 
د. لانە ئازاد: ئاڵووەکان بەشێکن لە سیستمی بەرگریی جەستە و بەرەنگاری هۆکاری نەخۆشییەکان دەبنەوە.
 
رووداو: کێن ئەوانەی پێویستیان بە نەشتەرگەریی لابردنی ئاڵووەکان دەبێت و لە چ کاتێکدا پێویستە؟
 
د. لانە ئازاد: هەرچەندە هەموو ئاوسانێکی ئاڵوو مەترسیدار نییە و ئاساییە، بەڵام دەشێت بۆ ئەم کەسانەی خوارەوە بە راوێژی پزیشک نەشتەرگەریی لابردنی ئاڵووەکان بکرێت؛ 
 
- ئەو کەسانەی لەکاتی خەوتندا تووشی وەستانی هەناسەدانی کاتی دەبن کە وایان لێدەکات خەبەریان ببێتەوە لەکاتی خەودا.
- ئەوانەی لایەک لە ئاڵووەکانیان دەئاوسێت و گومانی شێرپەنجەی لێدەکرێت.
- ئەوانەی لە ساڵێکدا 6 بۆ 7 جار تووشی ئاوسانی ئاڵووەکان دەبن.
- بۆ ئەو منداڵانەی کە ئاوسانی ئاڵووەکان دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی خواردن و کێشیان و گەشەیان.
- ئەوانەی بۆنی دەمیان هەیە، بەهۆی هەوکردنی درێژخایەنی ئاڵووەکان.
 
رووداو: ئایا دوای نەشتەرگەریی لابردنی ئاڵووەکان کەسەکە خۆراکێکی سارد بخوات دروستە، ئەگەر دروستە بۆچی؟
 
د. لانە ئازاد: بەڵێ دوای نەشتەرگەریی لابردنی ئاڵووەکان باشتر وایە کەسەکە ساردەمەنی بخوات بەتایبەت لە سێ کاژێری یەکەمدا، چونکە گرژبوونی موولوولە خوێنەکان لەو شوێنەی ئاڵووەکان لابراون زیاددەکات، بەمەش خوێنبەربوون کەمدەبێتەوە.
 
رووداو: ئەگەر منداڵێک ئاڵووەکانی زوو زوو بئاوسێن و نەشتەرگەریی بۆ نەکرێت، کاریگەریی لەسەر گەشەی دەبێت؟
 
د. لانە ئازاد: کاتێک ئەو منداڵانە ئاڵووەکانیان زوو زوو دەئاوسێن، ئەمە وا لە منداڵەکە دەکات ئارەزووی خواردنی کەمببێتەوە و بەمەش گەشەی دوادەکەوێت.
 
رووداو: زۆرترین ئەو هەڵەتێگەیشتنانە چین کە خەڵک لەبارەی ئاڵووەکانەوە هەیانە؟
 
د. لانە ئازاد: بۆچوونێکی هەڵەیە کە بگوترێت ''دوای نەشتەرگەریی لابردنی ئاڵووەکان، بەرگریی جەستە نامێنێت''، چونکە راستە ئاڵووەکان فەرمانیان بەرگرییە، بەڵام ئەگەر زۆر بئاوسێن و کێشە بۆ کەسەکە دروستبکەن، ئیدی رۆڵی بەرگریکردنیان نامێنێت و بە راوێژی پزیشک دەشێت نەشتەرگەری لابردنیان بۆ بکرێت. هەروەها چەندان شوێن و ئەندامی دیکەش هەن کە رۆڵیان هەیە لە پاراستنی بەرگریی جەستە.
 
رووداو: ئەگەر کەسێک ئاڵووەکانی نەبێت و بە نەشتەرگەری بۆی لابرابێت، دەبێت چۆن شێوازی ژیانی بگۆڕێت؟
 
د. لانە ئازاد: پێویست ناکات هیچ رۆتینێک بگۆڕن و ژیانی ئاسایی خۆیان بکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نیاز بەرزنجی - د. هونەر رێبوار

نەخۆشنامە؛ زۆرجار رێکلام بۆ دەرمانی گیایی دەکرێت کە نازاندرێت چی تێدایە

پۆدکاستی ئەمجارەی نەخۆشنامە بە چیرۆکی ئەو پیاوە 60 ساڵانە دەستپێدەکات کە پشکنینی تیشک ''ئەشیعە''ـی خێزانەکەی بردووەتە نەخۆشخانە و بە دکتۆرەکانی گوتووە، ''چییەتی؟'' بەبێ ئەوەی خێزانەکەی لەگەڵ بێت.