رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وەڵامی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە گوتبووی، "کاک بافڵ بە 100 ساڵی دیکە ناتوانێت بگاتەوە بە مام جەلال لە بابەتی داکۆکیکردن لە ژن و باوەڕبوون بە تواناکانی ژن و پشتیوانیکردنی ژن" دەڵێت: "تۆ کەمت گوتووە نەک 100 ساڵ بە هەزار ساڵی دیکە ناگەینەوە مام جەلال."
رۆژی چوارشەممە 01-03-2023، دووەمین کۆڕبەندی هەولێر کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو رێکیخستووە، رێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پانێڵێکدا میوان بوو و لەبارەی رۆڵی ژنان و مافی ژنان قسەیکرد و گوتی: "کاک بافڵ [تاڵەبانی] بە 100 ساڵی دیکە ناتوانێت بگاتەوە بە مام جەلال لە بابەتی داکۆکیکردن لە ژن و باوەڕبوون بە تواناکانی ژن و پشتیوانیکردنی ژن."
لە وەڵامی ئەو گوتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 02-03-2023، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تویتێکی رووداوی ریتویت کردووەتەوە و لەبارەی قسەکەی د. رێواز فایەق دەڵێت: "دەستخۆش رێواز خان، تۆ کەمت گوتووە چونکە نەک 100 ساڵ بەڵکو هەزار ساڵی تریش ناگەینەوە بە سەرۆک مام جەلال، کەس لە مام جەلال نەچووە و کەسیش لەو ناچێت."
یەکەم دادوەری ژن لە سلێمانی بە بڕیاری مام جەلال دانرا و هەر ئەویش بوو رێژەی ژنی لەنێو ئۆرگانەکانی یەکێتی گەیاندە 20%، رۆڵیشی ھەبوو لە چەسپاندنی رێژەی لە 30%ـی ژنان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا.
مام جەلال لە زۆربەی گوتارەکانیدا باسی لە مافەکانی ژنان دەکرد و ھەوڵیشی دەدا کە پێگەی ژن لە ھەموو کایەکاندا زیاتر بێت.
مام جەلال، سکرتێری گشتیی یەکێتی و سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق سێشەممە 3-10-2017 لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لەبارەی ئاڵنگارییەکانی پێش ژنان د. رێواز فایەق لە کۆڕبەندی هەولێر گوتی: "تەحەدییەکان بەرامبەر بە ژن بەشێوەیەکی گشتی؛ یەکەم ئەوەیە کە دەرفەتێکی یەکسان نییە بۆ هاتنە پێش، لە چوار ساڵی سەرۆکایەتیمدا بۆم دەرکەوتووە وەکو چۆن دەرفەتی یەکسان نییە بۆ ئەوەی بگەیتە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان و رەنگە عێراقیش، بەهەمانشێوە دەرفەتی یەکسان بۆ سەرکەوتن نییە."
رێواز فایەق داوای لە ژنانیش کرد "لەسەر سیستمی کۆتا پاڵنەدەنەوە" و گوتی: "پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ئەو تمووحە نییە، کە کچێکی کوردستانی پێیوابێ ئەوە بەرزترینە. دەبێت ئێمە شەڕ لەسەر پۆستەکانی سەرۆککۆمار، سەرۆکی هەرێم[ی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بکەین. شەڕ بە مانا ناخۆشەکەی نا، بەڵکو دەبێ کێبڕکێ بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ