رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری وان لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تویتەر ئاشکرایکرد، مانگی رابردوو (کانوونی دووەمی 2022)، بەهۆی هەڵمەتی بەردەوامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و فەرماندەیی جەندرمە، سێ هەزار و 288 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکران.
لە تویتەکەدا محەممەد ئەمین بیلمەز، پارێزگاری وان نووسیوویەتی: "هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ رێگرییان لە دوو هەزار و 398 کۆچبەری نایاسایی کردووە لە بەزاندنی سنوورەکان لە کاتی هەوڵی پەڕینەوەیان بۆ نێو سنوورەکانی پارێزگای وان".
هەروەها 171 قاچاخچی بەتۆمەتی هاوکاریکردنی کۆچبەران بۆ پەڕینەوە و دەربازکردنیان بۆ نێو سنوورەکانی تورکیا لە دیوی پارێزگای وان، دەستگیرکراون و دەستبەسەر 68 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و پاسی جۆراوجۆردا گیراوە، کە قاچاخچییەکان بەمەبەستی گواستنەوەی کۆچبەران بەکاریاندەهێنا.
پارێزگاری وان دەڵێت: "سەرباری خراپی کەشوهەوا، بەڵام شەپۆلی کۆچی نایاسایی بەردەوام روو لە سنوورەکانمان دەکەن و هێزە ئەمنییەکانیشمان چاوکراوانە بەرەنگاری پرۆسەی کۆچبەری نایاسایی و قاچاخیکردن بە مرۆڤ دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ