رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا و سەرجەم هونەرمەندان دەکات بەهۆی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندەوە.
زاهیر عەبدوڵڵا، هونەرمەندی بواری شانۆ و دراما، ئێوارەی ئەمڕۆ لە تەمەنی 66 ساڵیدا بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە هەولێر کۆچی دوایی کرد.
سەرۆک بارزانی لە پرسەنامەیەکدا ئەمشەو (شەممە، 23-11-2024) رایگەیاند "بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ندی بواری شانۆ و دراما زاهیر عه‌بدوڵڵام پێ گەیشت. زاهیر عه‌بدوڵڵا کەسایەتی و هونەرمەندێکی نیشتیمانپەروەر و دیاری هەولێر بوو کە دڵسۆزانە خزمه‌تی شانۆ و درامای كوردی كردووە."
سەرۆک بارزانی لە پرسەنامەکەیدا هەروەها دەڵێ، "سه‌ره‌خۆشیی خۆم ئاراسته‌ی خانه‌واده، كه‌سوكار و ئاشنایانی زاهیر عەبدوڵڵا و ته‌واوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان ده‌كه‌م و خۆم به هاوبه‌شی خه‌میان ده‌زانم. له خودای گه‌وره داواكارم رۆحی خوالێخۆشبوو به به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات و سه‌بر و ئارامی به هه‌موو لایه‌ك ببه‌خشێت."
هیوا عەلی، زاوای هونەرمەندەکە بە رووداوی گوتبوو "زاهیر عەبدوڵڵا کاژێر 05:00ـی ئەم ئێوارەیە کۆچی دوایی کرد و سبەی (یەکشەممە) لە گۆڕستانی کەسنەزان بەخاکدەسپێردرێت."
زاهیر عەبدوڵڵا خدر لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی تەیراوەی شاری ھەولێر لەدایکبووە. لە ساڵی 1972 بۆ یەکەمجار بەشداریی شانۆگەرییەکی کردووە بەناوی "ئەنجامی پووڵپەرستی." دواتر بەشداریی دەیان شانۆگەری، دراما و فیلمی سینەمایی کردووە.
نێوەڕاستی ئەمساڵ ئاشکرا بوو زاهیر عەبدوڵڵا بۆ دووەم جار لە چوار ساڵدا، تووشی شێرپەنجە بووە، کە هەر ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ