رووداو دیجیتاڵ
لە جنێڤی پایتەختی سویسرا، نوێنەرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە وڵاتان و رێکخراوەکان کۆبوونەوە بەمەبەستی قسەکردن لەبارەی کۆچ.
فلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند "114 ملیۆن کەس، نیشاندەری ژمارەی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی جیهانە کە مامەڵەی ناتەندروست، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، تووندوتیژی، ململانێی چەکداری و پشێوی ناچار بە جێهێشتنی ماڵەکانیانی کردوون؛ 114 ملیۆن خەونی تێکشکاو، ژیانی تێکچوو و هیوای لەنێوچوو؛ ئەمە ئامارێکە کە ژمارەیەکی زۆر قەیرانی مرۆیی پیشان دەدات."
ئەمساڵ تاوەکو 11ـی کانوونی یەکەم، سێ هەزار و 378 کۆچبەر لە رێگەدا بۆ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو ژمارەکە دوو هەزار و 970 کەس بوو.
نزیکەی 75٪ـی کۆچبەر و پەناخوازانی جیهان لە وڵاتانی کەمداهات و وڵاتانی داهات مامناوەندن.
یالڤا جۆنسن، کۆمیسیاری کاروباری ناوخۆی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێ "لە دوایین سێ ساڵدا لە یەکێتیی ئەوروپا مافی پاراستنمان بە نزیکەی یەک ملیۆن کەس داوە، ئەمە مانای ئەوەیە؛ ئێستا یەکێتیی ئەوروپا نزیکەی 20٪ـی پەنابەرانی جیهان لەخۆدەگرێت."
یەکێک لەو وڵاتانەی بەشی زۆری دانیشتووانەکەی بوونەتە ئاوارە و کۆچبەر، سووریایە. نزیکەی 660 هەزار خەڵکی ئەو وڵاتە ئێستا لە ئوردنن و 66٪ـیان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن باس لەوە دەکات "پێشوازیکردن لە پەنابەران بووەتە بەشێکی جێگیر لە ناسنامەی نەتەوەیی ئوردن. ناتوانین پشت لە پەنابەران بکەین، بەڵام ئوردنییەکان هەستیان بەوە کردووە؛ جیهان پشت لە پەنابەران دەکات."
یەکێکی دیکە لەو شوێنانەی کۆچبەر و پەناخوازی زۆر رووی تێدەکەن ئەمریکایە. ساڵی رابردوو 2.7 ملیۆن کۆچبەر روویان لە ئەمریکا کردبوو؛ ئەمساڵیش تاوەکو سەرەتای تشرینی یەکەم 2.5 ملیۆن کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ