رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 33٪ـی نیڤشکانان بایۆمەترییان نەکردووە. پششبینیش دەکات کاتی بایۆمەتری درێژبکرێتەوە.
ئەمڕۆ (شەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2024) ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان 76 هەزار کەمئەندام (نیڤشکان) مووچەخۆرن، بۆ ئەوەی مووچەکانیان بەردەوام بێت، پێویستە هەموویان بایۆمەتری بکەن."
ئاریان ئەحمەد گوتی، "تاوەکو ئێستا 67٪ـی نیڤشکانان بایۆمەترییان بۆ کراوە و مووچە وەردەگرن."
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، "لە کاتی کردنی بایۆمەتری دا، کێشەی زۆرمان بۆ دروست دەبێت، چونکە زۆربەیان پەنجەمۆرەکانیان ناخوێنێتەوە یان کێشەیان هەیە، بەڵام ئێمە پەنجەمۆر لە خێزانەکانیان وەردەگرین."
گوتیشی، "پڕۆسەکە کەمێک بە هێواشی بەڕێوەدەچێت، چونکە ناتوانن وەک خەڵکی ئاسایی نۆرەبگرن."
بەگوتەی ئاریان ئەحمەد، لە مووچەکانی ساڵی داهاتوو، کێشە بۆ نیڤشکان دروست دەبێت و مووچەکانیان دەوستێت، بۆیە هەرچەندە "پێشبینی دەکات ''کاتی بایۆمەتری درێژبکرێتەوە'' بەڵام داوا دەکات بەزووترین کات بایۆمەتری بکەن.
رۆژی یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر کەسێک مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت و تاوەکو 20-11-2024 کۆدی بایۆمەتری نەبێت، لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە مووچەکەی رادەگیرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 هەزار نیڤشکان هەن، ئێستا 76 هەزاریان مووچەیان هەیە، 13 هەزار نیڤشکانیش پشکنینیان بۆ کراوە و چاوەڕێن مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ