رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، لیژنەی ئەمنیی سلێمانی بڕیاریداوە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتادا بگیرێت و بڕیارەکەش بەردەوام دەبێت، تاوەکو ئێستاش نزیکەی 100 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر دەستیان بەسەرداگیراوە.
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئارێز خالید، پێشکێشکاری رووداو کە ئەمڕۆ (23ـی کانوونی یەکەمی 2024) پەخشکرا، باسی دەستبەسەراگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتای کرد و گوتی "بەهۆی بڕیارەکەوە، هیچ ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا لەسەر شەقامەکان دا نەماوە."
بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "چارەسەری ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەبێت لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە بکرێت و پێکەوە بڕیاری لەسەر بدەن، چونکە تاوەکو ئێستا هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلەکان لە شارەکانی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە."
عەمید ئاسۆ محممەدئەمین باسی لەوەشکرد، باشترین رێگە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا ئەوەیە، پۆلێن بکرێن و ئەوانەی گونجاون رێگەیان پێبدرێت بەکاربهێندرێن، ئەوانەش کە بۆ بەکارهێنان نابن، ببرێنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، یان لەنێوببرێن، بەڵام ئەوەش بە میکانیزمێک بێت، کە خاوەنەکانیان زیانی زۆریان بەرنەوکەوێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی:
رووداو: چەند ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەستی بەسەردا گیراوە؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لەلایەن لیژنەی ئەمنیی سلێمانییەوە دەرکراوە، لە سەرجەم شار و قەزا و ناحییەکان جێبەجێ کراوە، بۆیە ناتوانین بڵێین ئەوەندە ئۆتۆمبێل دەستی بەسەردا گیراوە، کێشەکە ئەوە نییە چەند ئۆتۆمبێلمان گرتووە، گرنگ ئەوەیە چەندمان لەسەر شەقام هێشتووە، ئێستا هیچ ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا لەسەر شەقام دا نەماوە، لە کاتی بایکۆتیشدا لەسەر شەقام نەبوون.
رووداو: وەکو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ هیچ ئامارێکی تەواوتان لانییە؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: دڵنیانیم لەو ژمارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام نزیکەی 100 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆری بێ سەرەتا دەستی بەسەردا گیراوە.
رووداو: هیچ کارێک بۆ ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا ناکرێت؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، دەسەڵاتی ئەوەی نییە کار بۆ ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بکات، ئەوە دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، ئەم دیاردەیە بە تەواوی بووەتە پرسێکی عێراقی، ئێستا ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە خوارووی عێراقەوە دێتە هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە لە بەسرە و ئوم قەسرەوە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دێننە ناو عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەیە، کە پێشتر هاتووە و ئێستا لە شارەکانی عێراقەوە دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، کە ئەوەش لە رێگەی موسڵ، کەرکووک، دیالە و خانەقینەوەیە. ئەگەر بتەوێت ژمارە بدەیت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، پشێوی دروست دەبێت، چونکە لە هەموو شارەکانەوە ئۆتۆمبێل دێتە شارەکەمانەوە.
رووداو: ئایا جێگە و گەراجی واتان هەیە شیاو بێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 30 هەزار ئۆتۆمبێل؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: مەرج نییە هەموو ئۆتۆمبێلەکان دەستیان بەسەردا بگیرێت، بەڵکو دەکرێت لەو شوێنەی هاتووە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوێ، ئەم پرسە بە کاتی چارەسەر ناکرێت، دەستبەسەرداگرتن و ئازادکردنیان بە ملیۆنێک دینار چارەسەر نییە، بەڵکو دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق، بڕیارێکی بوێرانە دەربکەن بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕەوە، بۆ ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی گونجاون رێگەپێدانیان هەبێت و ئەوانەی نەگونجاون بمرێندرێن یان بگەڕێندرێنەوە، یاخود لەبری ئەوان ئۆتۆمبێلی دیکە تۆمار بکرێن. حکومەتیش بەگوێرەی توانا قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە.
رووداو: خاوەنی ئۆئۆتۆمبێلەکان پرسیار دەکەن 'ئایا ئاڕممان بۆ دەکەن؟'
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: دروستکردنی ئاڕم و وەرەقەی رێگەپێدان بابەتێکی کاتییە، بابەتێکی خراپە و فەوزا دروست دەکات، دەبێت پرسەکە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان بۆ نەهاتووە بۆئەوەی ئاڕمیان پێبدرێت یان تۆمار بکرێن.
رووداو: دەنگۆیەک هەیە لە ساڵی تازەوە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە سنووری سلێمانی رێگەپێدانیان بۆ دەکرێت، ئایا ئەمە راستە؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: هیچ شتێکی لەو بابەتەمان بۆ نەهاتووە و ئەوەش کارێکی باش نییە، ئەگەر بڕیارێک هەبێت دەبێت سەرتاسەری بێت و لە زاخوە تاوەکو گەرمیان جێبەجێ بکرێت.
رووداو: بۆ بڕیاری دەستبەسەردا گرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە سلێمانی جێبەجێ دەکرێت بەڵام لە هەولێر و دهۆک ئەو بابەتە نابیندرێت؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: لە هەولێر زۆر دەمێکە ئەم بڕیارە جێبەجێ کراوە، ئەوان لە پار و پێرارەوە جێبەجێیان کردووە.
رووداو: کەواتە لە داهاتوودا هیچ کارێک بۆ ئەم ئۆتۆمبێلانە ناکرێت؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: تاوەکو ئێستا هیچمان بۆ نەهاتووە، من لەگەڵ چارەسەردام، ژمارە پێدان چارەسەر نییە، دەستبەسەرداگرتنیش هەر چارەسەر نییە، بەڵکو دەبێت ئۆتۆمبێلەکان پۆلێن بکرێن، ئەوەی قابیلی تابلۆ پێدانە، تابلۆی پێبدرێت، ئەوانەی بۆ بەکارهێنان ناشێن ببرێنە دەرەوە یان بمرێندرێن و وەک قەرەبوو، تابلۆیەک بدرێت بە خاوەنەکانیان، واتە رێکارێک بگیرێتە بەر کە خاوەنەکانیان زیانێکی زۆریان پێنەگات، چونکە ئەوانەی کڕیویانە خۆشیان دەزانن کارێکی نەگونجاویان کردووە و ئەوەی کڕیویانە هیچ گەرنتییەکی نییە، بۆیە دەبێت بەشێک لە باجی ئەو بابەتە بدەن.
رووداو: ئایا جیاکاری هەیە لە مامەڵەکردن و دەستبەسەردا گرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتای بەرپرسان؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: ئەوەی بەر مەفرەزەکانمان کەوتبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت، ئەوەی نەهاتبێتە دەرەوە دەستی بەسەردا نەگیراوە، هەندێک کەس لە ماڵەوە یان لە باخێکدا ئۆتۆمبێلەکەی راگرتووە، تاوەکو ئێستا هیچ ئۆتۆمبێلێک لە ماڵان نەگیراوە، ئەوەی دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوانەن کە هاتوونەتە سەر شەقامەکان.
رووداو: لە قەزاو ناحییەکان هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا زیاترە؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: لە قەزا و ناحیەکاندا خەڵک زیاتر یەکتر دەناسن، بۆیە ئیجرائات کەمتر دەکرێت، لەناو شاریشدا ئەو تیمانەی لەسەر شەقامەکانن هەر خەڵكی شارەکەن و کەسوکاری یەکترن.
رووداو: مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆتۆمبێلی جام رەش چۆن دەبێت؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: ئۆتۆمبێلی جام رەش بەشێکیان رێگەپێدانیان هەیە و لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ مامەڵەی فەرمییان بۆ کراوە، ئەوانە ئاساییە، بەڵام ئەوانەی رێگەپێدانیان نییە بە بڕی 40 هەزار دینار سزا دەدرێن.
رووداو: هەمان رێکار بەرامبەر هەموو کەسێک دەگیرێتەبەر؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: هەمان رێکار لە هەموو کات و دۆخێکدا ناگیرێتەبەر، هەموو رێکارێک بەگوێرەی دۆخەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
رووداو: کامێراکانی تیژڕۆیی لەنێو شار دەبن بە خاڵ بە خاڵ؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: کامێرای نێو شار ناکرێنە خاڵ بۆ خاڵ.
رووداو: قۆناخی داهاتووی دانانی کامێرا بۆ دەرەوەی شار کوێ دەبێت؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: لە رێگەی سلێمانی – شارەزوور و هەڵەبجە کامێرا دادەنرێت، ئەم پرۆسەیە ئێستا کاری تێدا دەکرێت.
رووداو: داهاتی کامێرای تیژڕۆیی بۆ کوێ دەچێت؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: داهاتەکەی بۆ ئەو شوێنەیە کە دایناوە، ئەوە کۆمپانیایەکی مەدەنی دایناوە و گرێبەستی هەیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، بەشێکی داهاتەکەی بۆ کۆمپانیاکە دەبێت و ئەوەی دیکەشی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، بەکاردەهێندرێت بۆ پەرەپێدانی هاتووچۆ.
رووداو: چ سوودێکتان بینی لە دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی سلێمانی بۆ دووکان و چەمچەماڵ؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: باشترین سوودمان لێبینوە کە رووداوەکانی هاتووچۆ کەمبووەتەوە، لەوەتەی کامێرا بۆ رێگەی چەمچەماڵ دانراوە، هیچ رووداوێکی هاتووچۆ تۆمار نەکراوە، بەشێک لە شۆفێران ناڕازین لەوەی بە خاوی ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن، بەڵام ئەوە رووداوەکانی هاتووچۆ کەمدەکاتەوە.
رووداو: دەتوانیت ژمارەیەکم پێبڵێیت لەسەر داهاتی کامێراکانی هاتووچۆ؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: ئەو کەسانەی ئەمڕۆ سەرپێچی دەکەن، چەند ساڵێکی دیکە بۆ نموونە لە ساڵی 2030 دێن بۆ مامەڵەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ و پارەکە دەدەن، بۆیە ئەوەی ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ وەردەگیرێت، پارەی سەرپێچی ساڵانی رابردووە، ناتوانین بڵێین ئەوەندە داهاتی ئەمساڵە، چونکە پارەدانەکە دەکەوێتە ساڵێکی دیکە، ئەوەی ئێستا کۆی دەکەینەوە پارەی 10 ساڵ لەمەوپێشە، ئەوەی ئێستاش لە ساڵانی داهاتوودا کۆدەکرێتەوە.
رووداو: لە ساڵی 2014ـەوە، هەموو ساڵێک بایکۆت کراوە؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: بۆ ساڵ هەیە مووچە وەک خۆی درابێت؟
رووداو: بەشێکی هاونیشتمانیان گلەییان هەبووە لەسەر ئەوەی سزای دواکەوتنی سەرپێچییان هاتووەتە سەر، بەهۆی بایکۆتەوە؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: ئێمە لە رۆژی 8/12/2024ـەوە کارمەندانمان بایکۆتیان کردووە، ئەگەر کەسێک مامەڵەی کردبێت و کارەکانی تەواو نەبووبێت تاوەکو ئەمڕۆ (22/12/2024) ئەوا سزای دواکەوتنی سەرپێچییان لێوەر ناگیرێت.
رووداو: ئەگەر کارمەندانتان دەوام نەکەن و نەیەنە سەر کار، رێوشوێن دەگرنەبەر؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: کارمەندەکانمان دێنەوە سەر کار، من هەموو کارمەندەکانم وەک خوشک و برای خۆم خۆشدەوێت، بەڵام ئەگەر کاربگاتە سەر ئەوەی بەرژەوەندیی شارێک و خەڵکەکەی زیانی پێبگات، ناچار دەبین رایبگرین و پێی بڵێین بەسە.
رووداو: ئایا دەتوانین بڵێین ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆ کەمیان کردووە؟
عەمید ئاسۆ محەممەدئەمین: بەڵێ بەدڵنیاییەوە رووداوەکانی هاتووچۆ لە رێگەکانی نێوان سلێمانی بۆ دووکان و چەمچەماڵ کەمیکردووە، بەڵام داهات زیادیکردووە، بەڵام من حەزدەکەم ئەم پرۆژەیە، کە دەڵێن کۆمپانیای مەدەنی یان حیزبی بەڕێوەی دەبات، خەڵك بەهۆی پابەندبوونی بە رێنماییەکانی هاتووچۆ کارێک بکات، داهاتیان ببێت بە سفر و ئیفلاسیان پێ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ