مامۆستایەکی زمانی چینی: چەندان وشەی هاوبەش لە نێوان زمانی چینی و کوردی هەیە

09-06-2024
محەممەد عزەدین
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هوو چی وەی، مامۆستای زانکۆیە لە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هوو چی وەی، مامۆستای زانکۆیە لە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین
نیشانەکردن زمانی چینی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هوو چی وەی، مامۆستای زانکۆیە لە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین. لە بەراوردکردنی زمانی کوردی و چینی دەڵێت، زمانی کوردی زمانی پیتە، چینی زمانی کارەکتەرە. هەروەها دەڵێت، رەنگە لە داهاتوودا خەڵکی چینی فێری زمانی کوردی بکات. 
 
رووداو: بەر لە هەر شتێک دەمەوێت بپرسم: پەیوەندیی نێوان زمانی کوردی و زمانی چینی چییە؟ لە یەکدییەوە نزیکن؟ 
 
هوو چی وەی: تۆزێک جیاوازە. زمانی کوردی زمانی پیتە، چینی زمانی کارەکتەرە، ئەوە وەک پیت بۆ خوێندنەوەی بەکاردەهێنین. هەندێک کەس وا هەست دەکەن قورسە.  
 
لەم چەند ساڵەدا کە خەریکی فێربوونی کوردیم، بۆم دەرکەوتووە مانای هەندێک وشەی کوردی بە نزیکەیی وەک چینییەکەیە، وەک "پیاز. ئێمەیش بە چینی دەڵێین "پیاز". هەروەها "حەوشە"یش بە چینی پێی دەڵێین "هاوچ".  
 
رووداو: واتە هەمان وشەمان بۆیان هەیە. 
 
هوو چی وەی: بەڵێ. هەروەها لە رووی رێزمانییشەوە زۆر نزیکن. بۆ نموونە، ئەگەر بڵێین رێزمانی ئینگلیزی، رێزمان مانای چییە؟ پێویستە بە بیرمانی بهێنینەوە، بەڵام لە کوردیدا "رێزمان" واتە رێگەی زمان. لە چینییشدا ئێمە پێی دەڵێین "یووفا"، "یوو" واتە "زمان" و "فا" واتە "رێگە". پێکهاتەکەیان بە هەمان شێوەیە. من ئێستا زیاتر فێر دەبم و رەنگە لە داهاتوودا خەڵکی چینی فێری کوردی بکەم. پلانم بۆ ئەوە هەیە. 
 
رووداو: باشە. دەتوانیت هەندێک وشەی چینیم پێ بڵێیت کە بە کوردییش هەمان شت بن، وەک "پیاز"؟ وشەی دیکەی لەو جۆرەمان هەیە؟  
 
هوو چی وەی: بەڵێ، "بازاڕ". لە هەندێک شوێنی چین لە باکووری رۆژئاوا لە شاری "شین جین" هەر دەڵێین "بازاڕ". هەموو کەس دەزانێت بازاڕ چییە. هەمان ئەو وشەی ئێرەیە بە هەمان گۆکردنەوە. لە خواردنیشدا بە "نان" هەر دەڵێین "نان". هەمان شتە.  
 
رووداو: ئێوەیش بە چینی دەڵێن "نان". 
 
هوو چی وەی: بەڵێ. ناوەکە هەمان شتە. 
 
رووداو: ئەی رێزمان چۆنە؟ 
 
هوو چی وەی: هەندێک یاسای رێزمان بە نزیکەیی وەک یەکن. وەک "رێزمان" کە بە چینی "یووفا"یە و بە مانای "رێگەی زمان" دێت. هەروەها هەندێک لایەنی رێزمانی وەک یەکن.  
 
رووداو: دەتوانیت رەوشی ئەو خوێندکارە کوردانەی بەشی زمانی چینیی زانکۆی سەڵاحەدینم پێ بڵێیت؟ گرنگیی کردنەوەی بەشی زمانی چینی لە کوردستان چییە؟ 
 
هوو چی وەی: ئێمە پێنج ساڵ لەمەو پێش بەشی زمانی چینیمان دامەزراند. هەر ئەو کاتەی کە پێنج ساڵ لەمەو پێش هاتم. ئەگەر خەڵکی ئێرە زمانی چینی بزانن، ئەوا هەلی زۆر باشیان دەبێت بۆ ئەوەی کاری باش بە مووچەی باشەوە پەیدا بکەن. لایەنی بازرگانیی چین لەگەڵ کوردستان و عێراق بە خێرایی گەشە دەکات. کۆمپانیا چینییەکان زیاتر و زیاتر بۆ یارمەتیدانی کوردستان و عێراق دێن بۆ ئەوەی دەرفەتی ژیانێکی باشتر بڕەخسێنن. بەڵام ئەو کۆمپانیایانە زمانی ئێرە نازانن و زۆر پێویستیان بەو کەسانەیە کە کوردی و چینی دەزانن.  
 
ئێستا دوو خوێندکاری کورد لە پەکینن بۆ خوێندنی ماستەر لە زمانی چینیدا لە زانکۆی زمانە بیانییەکان. هێشتا ئەوە بەس نییە. ئێمە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین خوێندکاری شایستە ببەین بۆ ئەوەی فێری چینی ببن. ئەگەر چینی بزانیت، پێموایە داهاتوویەکی پڕشنگدارت دەبێت. ئەو کاتە پردێک لەنێوان چین و عێراق و، چین و کوردستاندا دەبێت.  
 
رووداو: یانی پێتوایە فێربوونی زمانی چینی بۆ کورد و زمانی کوردی بۆ چینییەکان دەبێتە پردێک لەنێوان چین و کوردستاندا بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باش لەنێوانیاندا دروست بکات. دەمەوێت دوایین پرسیارم بپرسم: زۆر خوێندکاری کورد چوون بۆ چین بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا. دەتەوێت لەبارەیانەوە چی بڵێیت؟ 
 
هوو چی وەی: دەزانی، لە سەرەتادا دەبێت بڵێم زمانی چینی ئەو قورسە نییە، ئەگەر بتەوێت زیاتر زمانت رەوان ببێت، ئەوا دەبێت دڵی بدەیتێ. ئەوان پێویستە بزانن ئەو تەنیا نوێنەری بەشی زمانی چینی و زانکۆکەیان نیین، بەڵکو نوێنەری کوردستانن. بۆیە دەبێت زۆر هەوڵ بدەن.  
 
من وەک خۆم کە فێری کوردی دەبم، لە سەرەتادا قورس بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، بۆم دەرکەوت ئەو قورسەیش نییە. لەگەڵ خەڵکی ئێرەدا قسەی پێدەکەم. هەروەها کە بە منداڵان دەگەم، شتی سادەیی زمانی چینییان فێر دەکەم. ئەوانیش من فێر دەکەن. رۆژانە کە تەکسی دەگرم، شتی سادەی چینییان فێر دەکەم، وەک "نیهاو" واتە "سڵاو". ئەوانیش بە باشی دەتوانن گۆی بکەن. منیش ئەوەندەی بتوانم فێری کوردی دەبم. دەزانم خەڵکی ئێرە زۆر میواندۆستن.  
 
رووداو: لە دەرەوەی زانکۆ هیچ پلانێکت هەیە وانەی فێربوونی زمانی چینی بڵێیتەوە؟ 
 
هوو چی وەی: بەڵێ، بەڵێ. 
 
رووداو: مەبەستم لە دەرەوەی زانکۆیە. 
    
هوو چی وەی: من خوێندکارێکی ئۆنلاینم هەیە. نزیکەی 100 مەترێک لێمەوە دوورە. 
 
رووداو: کوردە؟ 
 
هوو چی وەی: بەڵێ، کوردە. ئەوە دوو ساڵە. ئێستا زۆر بە باشی بە چینی قسە دەکات. ناسناوی باڵیۆزی زمانی چینییم لێ ناوە. هەر ئەم ساڵ دەچێت بۆ چین.  
 
رووداو: زۆر باشە. سوپاس. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە