تەندروستی

دەرچوویەکی دانەمەزراو پێیوایە دواکەوتنی دامەزراندنیان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و خەڵک دەبێت
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
پزیشکانی گشتیی تازە دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 داوا دەکەن دابمەزرێن و دەڵێن، "دوای نزیکەی 9 مانگ لە دەرچوونمان، تائێستا هیچ بڕیار و رێنوێنییەک لەبارەی دامەزراندنی ئێمەوە نییە."
دکتۆر هێلین ئاراس، پزیشکی گشتیی تازە دەرچووە لە هەولێر و ئەندامی دەستەی پزیشکانی دانەمەزراو بە رادیۆی رووداوی گوت، "ئێمە 773 پزیشکی گشتیین لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، کە دەرچووی ساڵی 2024ین، تاوەکو ئێستا دانەمەزراوین، لە کاتێکدا دەرچووانی ساڵانی پێشوو هەموویان لە کاتی خۆیاندا دامەزراون، تەنانەت لە کاتە سەختەکانی قەیرانیش."
ئەو پزیشکە پێیوایە دواکەوتنی دامەزراندنی ئەو پزیشکانە کاریگەریی نەرێنی و خراپی دەبێت لەسەر پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بە هاونیشتمانییان.
دکتۆر هێلین ئاراس گوتیشی، "ئەوەی زەرەرمەندی سەرەکییە هاونیشتمانییانن، بە پلەی دووەمیش ئێمەی پزیشکان، چونکە بەگوێرەی یاسا، دامەزراندنمان لە کەرتی تەندروستیی حکومی بەشێک دەبێت لە پرۆسەی ئەکادیمی و زانستیی ئێمە، لەبەر ئەوەی تاوەکو دانەمەزرێین ئەو پلەبەندییانە نابڕین کە بۆمان دیاریکراوە."
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەش کرد، راپرسییەکیان لەنێو 1021 پزیشک لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کردووە، "97%ی بەشدارانی راپرسییەکە پێیانوایە ئەوەی زیانمەندی سەرەکییە لە دانەمەزراندنی پزیشکانی گشتی، هاووڵاتیانن؛ چونکە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بڕبڕەی پشتی نەخۆشخانە حکومییەکانن و کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانە و ناوەندەکانی فریاکەوتن."
لەو راپرسییەدا کە کراوە، 28%ی پزیشکانی دانەمەزراون و 72%ی بەشداران پزیشکانی نیشتەجێی خولاو، پزیشکی پسپۆڕ و پزیشکی نیشتەجێی دێرینن و دەڵێن، دانەمەزراندنی پزیشکان، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە ناوەندەکانی فریاکەوتن و بەشەکانی دیکە لە نەخۆشخانە حکومییەکان.
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، کە لە 19ی شوباتی 2025 ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە، دەڵێت، دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان، بەشێکە لە پرۆسەی خولاوی پزیشکان لە ناوەندە تەندروستییەکان و هەر وەستانێک لە دامەزراندنیان دەبێتە گرفت و کێشە لەو سیستمە پلەبەندییە دروست دەبێت.
بەگوێرەی نووسراوەکە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵی وەربگیرێت بۆ تەرخانکردنی پلەی وەزیفی بۆیان؛ بەڵام دکتۆ هێلین ئاراس دەڵیت، "وەزارەتی تەندروستی داوا دەکات رەزامەندیی عێراق وەربگیرێت بۆ دامەزاردنمان لە کاتێکدا بەگوێرەی بڕگەی دووەمی ماددەی 14 لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق، دامەزاندنی پزیشکان پێویستی بە رەزامەندیی عێراق نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ