رووداو - تەندروستی
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێویستە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەسەر میلاکی تەندروستیی عێراق دابمەزرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-3-2025 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا و بڕیاردرا کە وەزارەتەکانی تەندروستی، دارایی، ئابووری و ئەنجوومەنی گشتیی راژەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدابن بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان.
جەختیش لەوە کرایەوە کە بەزووترین کات کاربکرێت بۆ دامەزراندنیان لەپێناو نەوەستانی رێکارەکانی پلەبەندیی پزیشکی و رێکخستنەوەی سیستمی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نەخۆشخانەکان و چاودێریی پزیشکی.
ئەمساڵ دەرچووانی ساڵی 2024ـی کۆلێژە پزیشکییەکان هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان 778 دەرچووە، بە بەیاننامە و گردبوونەوە ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر دانەمەزراندنیان دەربڕی، چونکە بە گوتەی ئەوان، لە مانگی تەمموزی پارەوە چاوەڕێی دامەزراندن دەکەن.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچیان دانەمەزراون.
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 273 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 288 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 102 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 21 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 43 پزیشک
- زانکۆی گەرمیان؛ 15 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 36 پزیشک
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ