رووداو - تەندروستی
کارمەندانی گرێبەستی تەندروستیی کەلار بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان گردبوونەوە و داواش دەکەن دابمەزرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-3-2025 لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان کارمەندانی گرێبەست گردبوونەوە و داوادەکەن، مووچەکانی ئەمساڵیان پێبدرێت و بشکرێن بە هەمیشەیی.
فاتیمە محەممەد، یەکێکە لە کارمەندەکان و بە رووداوی گوت "لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە هیچ مووچەیەکمان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا زۆربەمان ئەرکمان لە کارمەندانی فەرمی قورسترە".
هێمن بەکر کارمەندێکی دیکەیە و دەڵێت، داوایان بەرزکردووەتەوە و تاوەکو سبەی وەڵام وەرنەگرن، بایکۆت دەکەن.
بەگوتەی ئەو کارمەندانە، بەشێکی زۆریان زیاتر لە 10 ساڵە هەر بە گرێبەستی ماونەتەوە و هیچ پێشکەوتنێکیان لە دامەزراندن نەبووە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار رایدەگەیێنێت، بایکۆتکردنی ئەم کارمەندانە کێشە و گرفت بۆ نەخۆشخانەکە دروست دەکات و ناتوانن بەگوێرەی پێویست خزمەتی هاونیشتمانییان بکەن.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار دەڵێت: تەندروستیی گەرمیان چاندجارێک نووسراوی بەرزکردووەتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی و دەشڵێت، داواکارن کە ئەنجوومەنی وەزیران بەزووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ