رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجە لە موسڵ دەکرێتەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، گوشاری سەر هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ سێشەممە، 18-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نەخۆشخانەکە لە قۆناخی تەواوبووندایە و بڕیارە مانگی داهاتوو کۆمپانیای جێبەجێکار رادەستی بکات و بە فەرمی بکرێتەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی تەندروستیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، نەخۆشخانەکە 100 قەرەوێڵەییە، ئامێری پێشکەوتووی بۆ دابینکراوە.
بە گوتەی ئەو ئەندامە، یەکەم جارە لەسەر ئاستی عێراق، سێ ئامێری پێشکەوتووی چارەسەری دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانە دابین دەکرێت، چونکە لە نەخۆشخانەکانی دیکەی شێرپەنجەدا تەنیا یەک ئامێری لەو شێوەیە هەیە.
ئەحمەد دووبەردانی، کە پێشتر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی نەینەوا بوو، دەڵێت، پێشتر دانیشتووانی نەینەوا بۆ چارەسەری شێرپەنجە روویان لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرد، بەڵام کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە بەو جۆرە گوشاری سەر هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە کەم دەکاتەوە و بارگرانیی سەرشانی خەڵکەکەش کەم دەکاتەوە، چونکە دەبوایە رێگایەکی دوور ببڕن بۆ چارەسەر و ئەوەش تێچوویەکی زۆری دەویست.
لە ساڵی 2023دا 43 هەزار و 62 تووشبووی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. ئەوە لەکاتێکدا لە ساڵی 2022دا 39 هەزار و 68 تووشبوو تۆمارکرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ