رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیێنێت، پیاوێک بەهۆی ئازاری سینگییەوە چووەتە نەخۆشخانەکە و لەکاتی هێڵکاریی دڵی، جەڵتە لێی داوە، تیمێکی سەرپەرشتیی کەیسەکە دەڵێت: رەوانەی سەنتەری دڵ کرا و لەوێ قەستەرەی بۆ کراوە.
ئەو پیاوە رۆژی دووشەممە 17-3-2025 چووەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر و بەگوتەی سەرپەرشتیاری پەرستارانی ئەو تیمە، تەمەنی سەروو 50 ساڵان بووە و هەستی بە سینگئێشە کردووە بۆیە راستەوخۆ دەچێتە نەخۆشخانەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-3-2025 محەممەد عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری تیمی پەرستاریی ئەو شیفتەی نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، سینگە دڵەبووژانەوەیان بۆ پیاوەکە کردووە و دڵی کاری کردووەتەوە، پاشان رەوانەی سەنتەری دڵیان کردووە بۆ ئەوەی قەستەرەی بۆ بکەن، ''چونکە لە نەخۆشخانەکەیان قەستەرەی دڵ ناکرێت''.
د. سۆران ئەحمەد، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن بە رووداوی گوتووە، ''هەر خولەکێک دواکەوتن لە سینگەدڵە بووژانەوە، 10٪ مەترسیی لەدەستدانی ژیانی کەسی تووشبوو بە جەڵتە زیاددەکات''.
ئەو پسپۆڕەی پزیشکیی فریاکەوتن پێشنیازی کرد، خولی تایبەت بۆ هاونیشتمانییان بکرێتەوە، تاوەکو ئاشنای تەکنیکەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی ببن، بەتایبەت سینگەدڵە بووژانەوە CPR، هەروەها هەر کەسێکیش ئەم نیشانەنی هەبوو، دەستبەجێ بچێتە نەخۆشخانە؛
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ
* سینگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی
* ناڕێکیی لێدانی دڵ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ