رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ دەڵێت، کردنەوەی دەروازەی سنووریی کێلەشین لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانیان. باسی لەوەش کرد، "لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هیچ کۆسپێک نابینم" بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە.
دکتۆر رەزا رەحمانی کە تەنها سێ مانگە پۆستی پارێزگاری ورمێی وەرگرتووە، ئاماژەی بە پلانەکانی کرد بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "ئەو پەیوەندییانەی ئێستا هەمانە لەڕووی ئابوورییەوە، بە ئاسانی دەکرێ چەند هێندە زیاتر بکرێن".
باسی لە کەرتی کشتوکاڵی پارێزگاکەیش کرد و گوتی، ورمێ ساڵانە زیاتر لە 7 ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە و پلانیان هەیە بۆ دروستکردنی شارۆچکەیەکی نوێی وەبەرهێنان لە نێوان شارەکانی شنۆ، پیرانشار و نەغەدە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: سڵاو، بینەرانی رووداو. من ئەمڕۆ لە قەزای شنۆم لە سنووری پارێزگای ورمێ. بەڕێز جەنابی پارێزگاری ورمێ میوانمە، دکتۆر رەزا رەحمانی. دەمەوێت چەند پرسیارێکی لێ بکەم و سوپاسی بکەم بۆ ئەو دەرفەتە. بڕیارە لەم ماوەیەدا جارێکی دیکە سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکەنەوە. لەو سەردانەدا چی نوێتان پێیە هەم بۆ ورمێ، هەم بۆ هەولێر؟
پارێزگاری ورمێ: لەم کابینەیەدا پرسی وەبەرهێنان و فراوانکردنی چالاکییە بازرگانییەکان لەگەڵ دراوسێکانمان کردووەتە کاری لەپێشینە، بۆیە دەرفەتی باشیش دەبینین چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە دراوسێکانی دیکە وەک تورکیا و نەخجەوان. بۆ ئەم سنوورە هاوبەشانە، ئێمە هەندێک توانا و ئیمکانیاتمان هەیە و هاوڕێیانیش هەندێک توانایان هەیە، وەبەرهێنەری هاوبەشمان هەیە، دەکرێ چالاکییەکانمان تەواوکەری یەکتر بن. ئەم پەیوەندییە دۆستانە و برایانەی کە لە نێوان ناوچەکانمان و خەڵکەکەماندا زاڵە، یەکێک لە کارە لەپێشینەکانم، دیدار و کۆبوونەوە دەبێت لەگەڵ ئەو بەرپرسە ئازیزانەی لە پارێزگاکانی هاوسنووری ئێمە بەرپرسیارێتییان هەیە. بە دڵنیاییەوە ئەم هاوڕێیانەم بانگهێشت کردووە یان بانگهێشتیان دەکەم بۆ سەردان و بێگومان منیش دەمەوێ لەسەر بانگهێشتی ئەوان بچم و گفتوگۆمان پێکەوە هەبێت. دەتوانین ئەو دەرفەتە باشانەی هەیە زیاتر چالاک بکەین و لە بواری پرسە ئابوورییەکاندا دەتوانین یارمەتیی یەکتر بدەین و ئەو ئیمکانیاتانەی هەمانە بە قازانجی خەڵکی هەر دوو ناوچەکە بەکار بهێنین ئینشاڵڵا.
رووداو: باشە، یەكێک لەو مژارە خۆشانەی خەڵک بەتایبەت لە نێوان شنۆ-سیدەكان، كردنەوەی دەروازەی کێلەشینە. خەڵک لە سنووری پارێزگای ورمێ، هەم لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران چاوەڕێی كردنەوەی ئەو دەروازەیەن. كەی ئەو دەروازەیە دەكرێتەوە؟
پارێزگاری ورمێ: لە رۆژەکانی سەرەتاوە کە هاتمە ئەم پارێزگایە بۆ خزمەتکردنی خەڵک، بینیم کردنەوەی دەروازەی کێلەشین یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکە بەتایبەت لە ناوچەی شنۆ. ئەو سنوورە دەرفەتێکی باشە و لە ساڵانی رابردوودا ئەزموونی چالاکبوونی هەبووە. چ ئەم بەری سنوور و چ ئەو بەری سنوور شوێنێکی باشە. لە دامودەزگا ئیدارییەکانی خۆماندا، ئەو پێکهاتە ئیدارییەی هەمانە، ئەو بابەتەمان باس کردووە. من لەگەڵ وەزیری بەڕێزی دەرەوە باسم کردووە. هەروەها لەو لیژنانەی هەمانە بابەتەکەمان خستووەتەڕوو. پێموایە لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیدا هیچ کۆسپێک نابینم و ئینشاڵڵا بەدواداچوون دەکەین بەتایبەت دوای ئەوەی کەشوهەوا باشتر بوو. ئەگەر لەوبەریش ئەو تێگەیشتنە خێراتر بەرەوپێش بچێت، کاریگەری دەبێت. پێموایە لێرە کێشەمان نابێت.
رووداو: كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا كاراتر بوو لە كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی لە هەولێر. ماوەی شەش ساڵە بازرگانەكانی ئێران و بە شێوەیەكی گشتی پێشانگای نێودەوڵەتیی ئێران لە هەولێر ناكرێتەوە. هۆكار چییە؟
پارێزگاری ورمێ: هۆکارەکەی هەرچییەک بێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین. دەبێ پەرە بەو پەیوەندییانە بدەین لە بواری وەکو کردنەوەی پێشانگا و هاتووچۆی شاندە بازرگانییەکان. ئەو تایبەتمەندی و ئیمتیازانەی کە لەم ناوچانەدا هەمانە دەبێت بەکاریان بهێنین بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەمان. بۆیە بێگومان کاری لەپێشینەی ئێمە دەبێت لەم سەردەمی نوێیەدا و پێشوازی لە کردنەوەی پێشانگەکان دەکەین، پێشوازی لە هاوڕێیان دەکەین کە بێنە ئێرە و خۆشمان ئامادەین بچینە ئەو پێشانگایانە. ئەم دیدارانە تا بتوانین دەبێت زیاتر بن. دەرفەتێکی باشە. ئەو پەیوەندییانەی ئێستا هەمانە لەڕووی ئابوورییەوە، بە ئاسانی دەکرێ چەند هێندە زیاتر بکرێن.
رووداو: سێ مانگە هەناردەكردنی سووتەمەنی لە هەولێرەوە بۆ سنووری دەروازەی تەمەرچیان قەدەخە كراوە، راگیراوە، هۆكار چییە؟
پارێزگاری ورمێ: خەریکین بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین و بۆخۆشم بەدواداچوونی بۆ دەکەم. پشت بە خودا لە چوارچێوەی ئەو پەرەسەندنی پەیوەندییەکان کە باسم کرد، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەم.
رووداو: بەڕێزتان سێ مانگە پارێزگاری ورمێن، لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لەبارەی هەلی كارەوە چیتان كردووە؟
پارێزگاری ورمێ: سوپاسی وردبینی ئێوە دەکەم. ئەمڕۆ رێک سێ مانگی تەواوە، واتە سێیەم مانگ تەواو دەبێت و دەچینە نێو مانگی چوارەم. گرنگترین بابەت و پێشینەیەک کە رامگەیاندووە، یەکەمیان پاراستنی برایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ هەموو خەڵکە، واتە نەتەوە جیاوازەکان، ئایینە جیاوازەکان. وەک ئێوە بە باشی دەزانن، جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی لە ئازەربایجانی رۆژئاوادا هەیە. هەرێمی ئێمەش هەر وایە. خودا لێرە نیعمەتی زۆری پێداوین. لەگەڵ سێ وڵات سنوورمان هەیە، سنووری هاوبەشمان هەیە. لەگەڵ هەندێکیان وەکو تورکیا تەنها پارێزگای ئێمە سنووری هاوبەشی هەیە. بۆیە پێویستە هەموو خەڵک بێنە پێشەوە و بەشداربن. گرنگترین سیاسەت و بڕوای ئێمە ئەوەیە کە ئەم خەڵکە پێکەوە بران و ئەم برایەتییە بە جددی وەردەگرین. هەر جۆرە بابەتێک کە ئەمە تێک بدات، بێگومان قبووڵی ناکەین. لەوەش زیاتر، دووەم بابەت و سیاسەتی گشتی ئێمە، دەرفەتی بێسنوورمان هەیە. ئەم پارێزگایە دەرفەتی سنووری هەیە، دەرفەتی گەشتیاری هەیە، دەرفەتی کانزای هەیە و باشترین کانزای زێڕمان دۆزیوەتەوە. هەندێکیان پێشتر بەهرەبەرداری لێ کراوە. ئەوەی ئێستا دۆزیومانەتەوە زۆر زیاترە لەوەی پێشوو. هەرێمێکی بە پۆتانسیەلمان هەیە، خەڵکی زیرەک و بەتوانا و بەڕێوەبەری لێهاتوومان هەیە. لەوەش زیاتر، بەشێک لە پارێزگا دەشتی باشی هەیە کە تا رادەیەک ئاویان هەیە، واتە لە بواری کشتوکاڵیشدا بە سرووشتی پۆتانسیەلی باشی هەیە. گرنگترین کار کە دەبێت بکرێت راکێشانی وەبەرهێنانە. واتە ئەم بەرهەمانە و ئەم میوانە دەبێت بگۆڕدرێن.
رووداو: دەمەوێ هەر لەوبارەوە بپرسم. ورمێ لە میوەجات و کشتوکاڵدا زۆر دەوڵەمەندە. پلانتانیان نییە کشتوکاڵەکە بگۆڕن بە پیشەسازیی زیاتر لە گوند و قەزاکانیدا بۆ ئەوەی دەستی کار زیاتر کار بکات؟
پارێزگاری ورمێ: لە راستیدا یەکێک لە سیاسەتە سەرەکییەکانمان لەو بوارەدایە. چاو لێبکەن، من دەڵێم سنوور دەرفەتێکە، کشتوکاڵ دەرفەتێکە، گەشتیاری دەرفەتێکە، کانەکان دەرفەتێکن. هەر یەکێک لەمانە بەپێی تایبەتمەندییەکانی گرنگن. بۆ نموونە لەڕووی کشتوکاڵەوە، ئێمە لەنێو 5-6 پارێزگای یەکەمی وڵاتداین، واتە بەرهەمی میوەی پارێزگاکەمان بەرچاوە و ساڵانە زیاتر لە 7 ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە کە بڕێکی باشە. بەتایبەتی ئەمە لە هەندێک بەرهەمدا وەکو سێو، ترێ، گێلاس، چەوەندەر و هەروەها گۆشت، چ گۆشتی مریشک و سپی یان گۆشتی سوور، یان تەنانەت بەرهەمی ماسی، تواناکانی پارێزگاکەمان باشن.
ئێستاش توانای نوێمان خستووەتەگەڕ. هەر ئێستا کۆمەڵێک کۆمەڵگەی پیشەسازی کشتوکاڵیمان هەن کە هەر یەکێکیان زیاتر لە دوو هەزار هێکتارە. ئەو بەرهەمانەی کە لەوێ بەرهەم دێن، زیاتر دەبن. بۆیە بەگوێرەی ئەمە، هەر ئێستا خەریکین لە ناوچەی سێرۆ ناوچەیەکی تایبەت دروست دەکەین کە سەرنجی سەرەکی لەسەر پیشەسازیی خۆراکییە. ئەو پیشەسازییانە بەرهەمەکان کۆدەکەنەوە، جیایان دەکەنەوە تاوەکو قوتوکردن و ئامادەکردنی میوەی وشککراو. ئەو پیشەسازییە بگۆڕانە دەتوانن کەڵک لە میوەکان وەربگرن. ئامانج ئەوەیە ئەمانە بگۆڕین بۆ بەرهەمی باش و ئامادەی بکەین بۆ دراوسێکانمان و هەروەها هەناردەی بکەین بۆ هەموو جیهان.
سیاسەتەکانی گەشەپێدانی ئێمە بەپێی تایبەتمەندییەکان و ئەو پۆتانسیەلانە داندراون کە لە پارێزگادا هەن. چ لە بواری کانزا، چ لە بواری گەشتیاری. بۆ نموونە لە بواری گەشتیاری خەریکی پەرەپێدانی هوتێل و گەشتوگوزاری خۆجێیین. یان لە بواری گواستنەوەش هەر بەو شێوەیە. هەر بوارەی بەپێی تایبەتمەندییەکانی خۆی. لە بواری میوەدا، یەکێک لەو کارانەی کە بەدواداچوونی بۆ دەکەم، دروستکردنی کارگۆیە، واتە گواستنەوە بە فڕۆکە. پێموایە ئەوە سیاسەتێکی کاریگەر دەبێت، بەپێی توانا و دەرفەتەکان کار بکەین.
رووداو: بەوپێی جەنابت وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بوویە و ئێستا پارێزگاری یەکێک لە پارێزگا دەوڵەمەندەکانی ئێرانن، بەرنامەتان هەیە بۆ کردنەوەی ناوچەی ئازادی بازرگانی؟
پارێزگاری ورمێ: بێ گومان دەزانن، ئێستا یەک ناوچەی ئازادمان هەیە لە باکووری پارێزگا و سێ شاری ئێمە لەخۆ دەگرێت و لەگەڵ دوو وڵاتی تورکیا و ئازەربایجان سنووری هەیە. یەک دوو ناوچەی تایبەتیشمان هەیە، لە سێرۆ، ورمێ و سەڵماس هەمانە. شارۆچکەیەکی نوێشمان لە پیرانشار هەیە لە جەڵدیان کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی شنۆ و پیرانشار و نەغەدە. ئێستا خەریکی قۆناخی پلاندانانین. شارۆچکەیەکی باشە، لە ڕاستیدا زیاتر شارۆچکەی وەبەرهێنانی بیانییە. واتە پێشوازی لە وەبەرهێنەرە بەڕێزەکانمان دەکەین، چ ئەوانەی لەوبەری سنوورن، چ ئەوانەی لە دەرەوەی ئێرانن، هەم ئێرانی و هەم خەڵکی نائێرانی. لەوێدا پرسی لۆجستیکیشمان هەیە، واتە ئەم شارۆچکەیە زۆرتر کۆمەڵەیەکە بۆ وەبەرهێنەری ئێرانی و هەرێم و هەولێر و هەموو شوێنێک دەتوانن لەوێ کار بکەن. خەریکین بەدواداچوون بۆ ڕێگەکان و درێژکردنەوەی ڕێگەی ئاسن تاوەکو ئەو ناوچەیە دەکەین. بە بۆچوونی من، جگە لە دەروازەکانی ئێستا کە هەمانە لە باشووری پارێزگا کە دەکاتە سنووری هەرێمی کوردستان، هەواڵی خۆشمان لەم بارەیەوە دەبێت ئینشاڵڵا.
رووداو: لە ماوەی رابردوودا، بەڕێز سەرۆككۆماری ئێران گوتی دەسەڵاتەكان شۆڕ دەكەینەوە بۆ پارێزگارەكان. ئایا ئەم دەسەڵاتانە هاتن و ئەو دەسەڵاتانە چی لە بارودۆخەكە دەگۆڕن؟
پارێزگاری ورمێ: بەڕێز سەرۆک کۆمار فەرموویەتی کە پارێزگار، سەرۆک کۆماری پارێزگایە. کۆمەڵێک یاساشمان لەو بوارەدا هەیە. دکتۆر پزشکیان زۆر باوەڕی بە شۆڕکردنەوەی دەسەڵات هەیە. هەڵبەتە ئەمە بنەمایەکە کە لە جیهاندا کاری پێدەکرێت لەو وڵاتانەی کە بە جۆرێک پێشکەوتوون. بێگومان یەکێک لە کارەکان کە ئەنجام دراوە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بووە. شۆڕکردنەوەی دەسەڵات واتە بەشداریپێکردنی هەموو ئیمکاناتەکانی وڵات. بەڵێ، رای ئێمەش وەرگیراوە و کۆبوونەوەی جیاواز لەو بارەوە کراون. دەرەنجامی باشیش بەدەستهاتووە و پێموایە بەزوویی رادەگەیێندرێت.
رووداو: بەرنامەتان هەیە سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستانەوە رابكێشن و ئاسانكاری بكەن؟
پارێزگاری ورمێ: بەڵێ، ئێمە گرنگترین کارێک کە ئێستا دەیکەین ئەوەیە. دەمانەوێ ژینگەی کارکردن بۆ وەبەرهێنەران ئاسان بکەین و ئاسانکارییان بۆ دابین بکەین. دەمانەوێ بیرۆکراسی و ئەو ئاڵۆزییە ئیدارییانەی هەیە، نەهێڵین. بە گشتی، حکومەتی بەڕێز پزشکیان گرنگترین کارێک کە لە بواری ئابووریدا دەیکات، هەر ئەمەیە. خودی سەرۆککۆماریش باوەڕی پێی هەیە و بەدواداچوونی بۆ دەکات. منیش چونکە فەرمووتان پێشینەی کاریم هەبووە لەو بوارەدا، هەم لە پەرلەمان و هەمیش لە حکومەتدا لە بوارەکانی پیشەسازی و بازرگانیدا کارم کردووە، پێموایە دەبێ ئەوە بکرێت بۆ وەبەرهێنەران. ئەو دەرفەتانەی هەمانە و خەریکین ئامادەی دەکەین، وەکو راخستنی فەرشی سوورە بۆ وەبەرهێنەران. خەریکە پێکهاتەیەکیش لە پارێزگادا لەو بارەوە دروست دەکەم. ئێستاش ئێمە ناوەندێکی خزمەتگوزاری وەبەرهێنانمان هەیە و یاساشمان لەو بوارەوە هەیە. خاڵێکی ئەوەیە، هەر وەبەرهێنەرێکی بیانی بێتە ئێران، بە واژۆی وەزیری ئابووری گەرەنتی پێدەدەین بۆ پاراستنی ئەو سەرمایەیەی کە دەیهێنێت لە بەرامبەر مەترسییە نابازرگانییەکاندا. گەرەنتی دەکرێت و دڵنیا دەکرێتەوە کە دەتوانێت سەرمایەی سەرەکی و قازانجەکەی بە شێوەی یاسایی بگەڕێنێتەوە. ئەمانە ئێستا هەن، بەڵام لە سیستەمی ئیداریدا کێشەمان هەیە. هەڵبەت کەشی پارێزگاش لەچاو رابردوو، ئێستا ئامادەترە.
خەڵکیش بەوە گەیشتوون کە نابێت ئەم دەرفەتانە ڕابگرین. لێرە دەرفەت زۆرن و دەبێت هاوبەشیان بکەین. هەموو با بێن، هەم بە قازانجی پارێزگایە، هەم بە قازانجی ئەو وەبەرهێنەرەیە. ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییەش کە بە نیازین دایبمەزرێنین هەر. تاوەکو کۆتایی ساڵی هەتاوی و نەورۆز مۆڵەتمان پێداون، پاکێجی وەبەرهێنان ئامادە بکەن و دوای جەژن و لە ساڵی نوێی خۆماندا، بڵاویان دەکەینەوە و دەیخەینە بەر دیدەی وەبەرهێنەران. هەر کەسێک لە هەر بوارێکدا سەرمایە و کار و ئەزموونی پێویستی هەیە دەتوانێ بێت و کار بکات. ئێمە پەیوەندیی ئیداری ئەوانمان کەم کردووەتەوە. دەمانەوێ بێنە ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییە، لەوێ گروپێکمان داناوە کە کارەکان ئاسان بکات و خێراتر جێبەجێیان بکات. کەسەکە خۆی نەڕوات لە دامودەزگا جیاوازەکان مۆڵەت وەربگرێت، مۆڵەتەکان لەوێ وەردەگیرێن و کەسی وەبەرهێنەر تەنها ئامادە دەبێت کە بێت و کارەکە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ