ئەنجوومەنی وەزیران: چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ تەواوکاریی مووچەی ساڵی 2024 بنێرێت

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''حکومەتی فیدراڵ پابەند نەبووە" بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد، کە لە تەوەرێکیدا باسی مووچەی مووچەخۆرانی کرد.
 
"حکومەتی فیدراڵ پابەند نەبوو بە خەرجکردنی تەواوی مووچە"
 
لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ "سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی تەرخانکراو لەنێو خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق و، بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ خەرجکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق و بەدوورگرتنی لە هەر ناکۆکی و کێشەیەکى نێوان هەردوولا، سەرەڕای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ راسپاردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ بەردەوامبوون لەسەر خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024؛ بەڵام حکومەتی فیدراڵ پابەند نەبوو بە خەرجکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
 
"حکومەت 960 ملیار دیناری لە داهاتی نێوخۆ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە خەرجکردووە"
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، "کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە بەپێی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵ، کە بڕی 11 ترلیۆن و 576 ملیار دینارە، تەنیا بڕی 10 ترلیۆن و 752 ملیار دیناری بە فیعلی خەرجکردووە."
 
جەختیشی کردووەتەوە لەوەی "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نێوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خەرجکردووە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، ئەمەش سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدراڵی لە داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەوەشی لە داهاتی نێوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجیی بەکاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرجکراوە، بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەکی دیکەی هەرێمی خەرج نەکردووە، وەک بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان."
 
"حکومەت کۆتایی بە بیانووی حکومەتی فیدراڵ دەهێنێت لەبارەی ژمارەی وەزیفی" 
 
گفتوگۆکردن لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی "پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناسراو بە (پڕۆژەی سیستمی پەیڕۆڵ)" تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بووە، کە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە سەرەتای ساڵی 2025ــەوە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەشێوەی ئەلکترۆنی ئامادەدەکرێت و بەبێ کەموکوڕی، ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ دەکرێت."
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە "راپۆرتێک لەبارەی ئیعتمادکردنی ژمارەی کەسیی بێهاوتای پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ و ناردنی گشت زانیارییە داواکراوەکان بۆ بەغدا خرایەڕوو، کە بەم هەنگاوەش، کۆتایی بە بیانووی حکومەتی فیدراڵ دێت سەبارەت بە بابەتی ژمارەی وەزیفی."
 
ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لەوە دەکاتەوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە، بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ تەواوکاریی شایستەی دارایی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، سەرجەم بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تەرازووی پێداچوونەوە و لیستەکانی مووچەی چارەسەرکردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەشی (10، 11 و 12) بەتەواوی و بەبێ کەموکوڕی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردووە."
 
لەبارەی سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە، ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کردووە، "لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، جەخت لە رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرایەوە، بەتایبەتی نەهێشتنی بەربەستەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا. هەروەها لە بارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتيی سووریاش، جەخت لە پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان و ئاشتی و ئارامیی ئەو وڵاتە کرایەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە