رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا، دابەزی.
هەرچەندە دابەزینی نرخی نەوت ئەمڕۆ سنوورداربوو لەبەرئەوەی شەپۆلی سەرما لە نیوەی باکووری زەوی بە ئەگەری زۆرەوە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە چەند رۆژی داهاتوودا زیاددەکات.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 18 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 76 دۆلار و 8 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 21 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 73 دۆلار و 21 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی چوارشەممە، کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لەو وڵاتە هەفتەی رابردوو 6.3 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە بۆ 237.7 ملیۆن بەرمیل.
هیرۆیۆکی کیکوکاوا، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاری (ئێن ئێس ترەیدەینگ) رایگەیاند، "زیادبوونی قەبارەی بەرهەمە نەوتییەکان لە ئەمریکا گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە."
ئەو شارەزایە دەڵێت، "بانکی جەی پی مۆرگەن پێشبینی کردووە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو 1.4 ملیۆن بەرمیل زیاتر بێت و ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆکاری دووبارە بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ