رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵیت، "بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانمان ئازاد کراوە و لە هەوڵداین بۆ ئازادکردنی ئەو بەشەی دیکەش کە ماوە".
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، عەباس عیراقچی رایگەیاند، "یەکێک لە کێشەکانی ئێمە پارە بلۆککراوەکانە، کە بەردەوام لە کارنامەی وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا بووە".
عێراقچی گوتی، "بەشێکی ئەو پارەیە بە هەوڵدانێکی زۆر ئازاد کراوە و هەندێکیشیان هێشتا ماوە کە لە هەوڵداین ئەو بەشەی ماوە ئازاد بکەین. ئەوە هەمیشە لە کارنامەی ئێمەدایە و هەمیشە شوێنی کەوتووین".
عێراقچی گوتیشی، "بەڕێوەبردنی ئابووریی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵات لە هەلومەرجی گەمارۆ و گوشاری دەرەکیدا تەکنیکێکی تایبەتە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئێمە بووین بە وەستا لەو بوارەدا".
پێشتر ئەمریکا رایگەیاندبوو، "تاوەکو ئێران بە تەواوی پابەندی رێککەوتننامەی ئەتۆمی نەبێ، گەمارۆکانی لەسەر سووک ناکرێت".
حکومەتی ئێران بڕی تەواوی پارە بلۆککراوەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئەو وڵاتە؛ لانیکەم 18 ملیار دۆلاری لە چین، 7 ملیار دۆلار لە کۆریای باشوور، 5 ملیار دۆلاری لە عێراق بلۆککراوە. هەروەها لە وڵاتانی وەک ئەمریکا، کەنەدا، وڵاتانی ئەورووپا، ژاپۆن، هیندستان و عومانیش چەندین ملیار دۆلاری ئێران بلۆککراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ