گومرگی کرماشان: لە 9 مانگدا 1.4 ملیۆن تۆن کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە هەناردە کراوە

دوێنێ کاژێر 04:47
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی کرماشان رایگەیاند، لە 9 مانگی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 704 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە هەناردەی عێراق کراوە.
 
رۆژی سێشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2025 عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی کرماشان رایگەیاند، هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە زیادیکردووە، لە 9 مانگی رابردوودا 1.414 ملیۆن تۆن کەلوپەل، بە بەهای 704 ملیۆن و 360 هەزار دۆلار لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هەناردەی عێراق کراوە.
 
بە گوتەی عەباسزادە، بەراورد بە پار لە هەمان ماوەدا هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە لەڕووی نرخەوە 21% زیادی کردووە.
 
ئاماژەشی بەوە کرد، زیاترینی ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هەناردە کراون بریتین لە: چیمەنتۆ، بەرد، ئاسن، پۆلا، کاشی، مەڕمەڕ، شووشە، بەرهەمە پلاستیکییەکان، هێلکە، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، سەوزە و میوە.
 
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار دەروازەی سنووری هەن کە سیانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
 
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنووریی خوسرەوییش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە