وەزارەتی دارایی عێراق: ساڵی 2024 تەواو بوو و چاوەڕێی لیستی مووچەی مانگی یەکین

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

وەزارەتی دارایی عێراق بە ناردنی 441 ملیار دینار وەکو مووچەی مانگی 12ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە ناردنی هەر بڕە پارەیەکی دیکە هێنا و رایگەیاندووە، ساڵی 2024 تەواو بوو و ئێستا چاوەڕێی لیستی مووچەی مانگی یەک دەکەن تاوەکو وردبینیی تێدا بکەن.
 
بڕیارە بەمنزیکانە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێنەوە بەغدا، هەم لیستی مانگی یەک رادەست بکەن و هەمیش چارەسەری کێشە و داوا و مەرجی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بۆ مانگی 12ی ساڵی رابردوو 441 ملیار دینار هاتووە، ئەوەشی کە نەهاتووە بۆ مانگی 10 و 11 و 12 لێبڕینە لە داهاتی ناوخۆ، کە بڕیار بووە هەرێمی کوردستان بیگەڕێنێتەوە، بەڵام نەیگەڕاندووەتەوە."
 
لە ساڵی 2024 هەرێمى کوردستان بە 5 گوژمە بۆ 5 مانگ بڕى 399 ملیار دینارى وەکو داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا کردووە، بەڵام تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بەوە رازی نییە و زیاتری دەوێت، بۆیە گەر رێککەوتنێکی نوێ نەکرێت لەسەر رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ، دووبارە کێشە دروست دەبێتەوە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "سێ جۆر داهاتمان هەیە، داهاتی نەوتی و داهاتی نانەوتی و ناوخۆیی، کە دەبێت 100% رادەست بکرێت، هەروەها داهاتی خاڵی سنووریمان هەیە، ئەوەیان 50% دەبێت رادەست بکرێت، 50%ەکەی دیکەی پیویستە بۆ ئەو پارێزگایە بڕوات کە ئەو خاڵە سنوورییەی لێیە."
 
ئەو 441 ملیار دینارەى نێردراوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان کورتهێنانى مووچەى مانگى 11ی پێ چارەسەر کردووە، ئەوەی ئێستا ماوەتەوە لای وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی 12، تەنیا 70 ملیار دینارە.
 
هەرچەندە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بەشێکی کێشەی ناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت، بەڵام دواجار حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە بیانووەکانی وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت لیستی مووچە و بابەتی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی یەکلایی بکاتەوە، گەرنا هیچ گەرەنتییەک نییە ساڵی 2025یش بێ کێشە تەواو ببێت بۆ مووچەخۆران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە