لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کرێکاران داوای زیادکردنی مووچەیان بە پێی رێژەی هەڵاوسان دەکەن

دوێنێ کاژێر 02:20
سینا سۆما
کرێکارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتی کارکردن دا.
کرێکارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتی کارکردن دا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دۆخی کرێکاران باش نییە. ئەوان زۆربەی رۆژەکان کاریان دەستناکەوێت و داهاتیان بەشی بژێوی ژیانیان ناکات. 
 
عەبدوڵڵا بڵواسی، چالاکڤانی بواری کرێکاری لە مەریوان دەڵێت: "تمەن بەهای خۆی لەدەستداوە، بە تایبەت لە دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 35٪ی بەهای خۆ لەدەستداوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک وەکوو دەرمان، کڕی خانوو و جلوبەرگ گرانتر ببن. هەروەها ئەوە بووە هۆی ئەوە کە خەڵک نەتوانێت نیوەی پێداویستییەکانی ژیانیشی دابین بکات. ئەو پارەیەی کە وەردەگرین بەشی یەک لەسەر پێنجی پێداویستیکانی ژیانمان ناکات. هەر بۆیەش رۆژانە دەبینین لە شارەکانی ئێران کرێکاران دێنە سەر شەقامەکان و داوای مافی خۆیان دەکەن."
 
ناوەندی ئاماری ئێران ئامارێکی لەبارەی گرانیی شتومەک لەو وڵاتە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە سێ ساڵدا نرخی بەشێک لە خواردەمەنییەکان لەنێوان دوو بۆ پێنج هیندە بەرز بووەتەوە. زیاترین کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخەکانیش لە سەر کرێکاران و چینی هەژارە، کە بە پێی ئامارە فەرمییەکان، 30٪ی خەڵکی ئێران لە خوار هێڵی هەژارییەوەن.
 
ئایەت ئەسەدی، نوێنەری کرێکاران لە ئەنجوومەنی باڵای کاری ئێران دەڵێت، داهاتی کرێکاران لە سەرەتای ساڵی 2024 بەشی نیوەی پێویستییەکانیانی دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی هەڵاوسان و دابەزینی بەردەوامیی بەهای تمەن، بەشی یەک لەسەر چواری پێداویستییەکانیان ناکات.
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی نەبوونی کارگەی گەورە و رێژەی بەرزی بێکاری، دۆخەکە خراپترە. بۆ نموونە لە پارێزگای سنە بە گوتەی پارێزگار، تێکرای داهاتی تاکەکەس لەو پارێزگایە نیو هیندەی تێکرای داهاتی تاکەکەسە لە ئێران.
 
میکائیل سدیقی، سکرتێری ئەنجوومەنی کرێکارانی بیناسازیی ئێران دەڵێت: "ئەو حەقدەستەی کە دیاریکراوە، تەنیا بەشی پێنج رۆژ یان 10 رۆژی پێداویستییەکانی کرێکاران دەکات. نزیکەی 50٪ی حەقدەستی کرێکاران بۆ دابینکردنی خانوو دەروات، ئەمەش لە کاتێکدا کە کرێکارێک مووچە و حەقدەستێکی دیاری هەبێت. ئەو کرێکارانەی وەرزین لە دۆخێکی خراپتردان. لە پارێزگایە سنوورییەکان و پارێزگا کوردییەکان دۆخی کرێکاران خراپتریشە. رێکار بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی کرێکاران ئەوەیە کە حەقدەستیان بە پێی رێژەی هەڵاوسان دیار بکرێت."
 
ئەنجوومەنە کرێکارییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان داوای زیادکردنی مووچە و حەقدەستی کرێکاران بە پێی رێژەی هەڵاوسان دەکەن. 
 
حکومەتی ئێرانیش دەڵێت، سەرچاوە و تواناکانی حکومەت کەمن و ناتوانن بە پێی پێویست یارمەتیی کرێکاران و چینی هەژار بدەن، بەڵام لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری بەردەوام دەبن.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە