یەک ئۆنسە زێڕ بە 2659 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ بەهۆی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە، دابەزی. نرخی زێڕ رۆژی چوارشەممە گەیشتبووە بەرزترین ئاستی چوار هەفتەی رابردووی خۆی.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ بەڕیژەی 0.1٪ دابەزی و بە 2659 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. لە گرێبەستەکانی داهاتوودا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.2٪ دابەزی بۆ 2678 دۆلار.
 
ئاجای کێدیا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی (کێدیا کۆمۆدێتیز) رایگەیاند، "نرخی زێڕ لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێودەکرێت. کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە ئەمڕۆ نرخی زێڕی دابەزاندووە. بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ پەیوەستە بەوەی کە تاوەکو چەند کڕیاران دەتوانن بەسەر ئاستەکانی ئێستا زاڵ بن و دەربازی بکەن."
 
ئامارەکانی پەیوەست بە دامەزراندنی کرێکاران لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە ئەمریکا ئاشکرایان کرد، ژمارەی دامەزراندنەکان کەمبوونەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی کاری ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە مانگی 12دا 122 هەزار کەس دامەزروان کە کەمترە لە ئامارەکانی مانگی 11. سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت.
 
بازرگانان پێیانوایە، ئامارە نوێیەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا، بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە هاندەدات بە ئاسوودەیی زیاترەوە بەردەوام بێت لە دابەزاندنی سوودی بانکی لە ئەمساڵدا کە دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.

 

نرخی زێڕ لە هەولێر بەپێی نرخی داندراو لەلایەن سەندیکای زێڕنگرانەوە بۆ ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە: 
 
یەک ئۆنسە زێڕ بە 2665 دۆلارە (نرخی 100 دۆلار بە 150 هەزار و 100 دینار دیاریکراوە) 
 
نرخی فرۆشتن:  
 
- مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 655 هەزار دینارە 
- مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 600 هەزار دینارە
- مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 573 هەزار دینارە
- مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 490 هەزار دینارە 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە