ئابووری

بەڕێوەبەری گومرگی مهاباد رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا بایی زیاتر لە 42 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە رێگەی ئەو گومرگەوە هەناردەکراوە
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی مهاباد رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا بایی زیاتر لە 42 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە رێگەی ئەو گومرگەوە هەناردەکراوە کە بەراورد بە پار دوو هێندە زیادیکردووە.
ئەحمەد ئەحمەدی، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، واتە لە ماوەی ساڵێکدا بایی زیاتر لە 42 ملیۆن دۆلار کاڵا لە رێگەی ئەو گومرگەوە هەناردەکراوە.
ئەحمەد ئەحمەدی دەڵێت، کەلوپەلەکان هەناردەی وڵاتانی دراوسێی ئێران کراون و زۆرترینیان "بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و مافوورن."
بە گوتەی ئەحمەدی، بەراورد بە پار، قەبارەی هەناردەکردن لە رێگەی گومرکی مهابادەوە دوو هێندە زیادیکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە، پار بایی 21 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەکرابوو.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرکی مهاباد، لەو ماوەیەدا بایی نزیکەی 51 ملیار و 600 ملیۆن تمەن (نزیکەی 500 هەزار دۆلار) کەلوپەلی قاچاخ لە گومرگەکەدا دەستی بەسەردا گیراوە کە زۆربەیان کەرەستەی ناوماڵ، کەرەستەی جوانکاریی خانمان، ئامێری ماینەر، قوماش و جلوبەرگ بوون.
ئەحمەد ئەحمەدی روونیکردەوە، لە ماوەی ساڵێکدا دوو هەزار و 80 مۆڵەتی دەرچوونی کاتیی ئۆتۆمبێل لەو گومرگە دەرکراوە، کە بەراورد بە پار کە دوو هەزار و 200 مۆڵەتی کاتی بوو، کەمیکردووە.
مهاباد شارێکی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە و گومرگی شارەکە یەكێک لەو نۆ گومرگانەیە کە لە پارێزگای ورمێ چالاکن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ