هەفتەیەک لەبەردەم هەولێر و بەغدا ماوە بۆ رێککەوتن

11-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

چارەنووسى 115 هەزار بەرمیل نەوت، سرووشتى لایەنى راوێژکاریى دیاریکردنى تێچووى بەرهەمهێنان و قەرزى کۆن، رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغداى بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت پەکخستووە. لەکاتێکدا هەفتەیەک لە بەردەمیاندا ماوە بۆ رێککەوتن لەسەر کۆمپانیا راوێژکارییەکە، ئەگەرنا پرسەکە دەدرێتە دەست سەرۆکوەزیران.
 
دوایین کۆبوونەوەى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ لە 20ى ئادارى 2025 بوو بۆ تاوتوێکردنى بەربەستەکانى بەردەم هەناردەکردنەوەى نەوت و شایستەى دارایی کۆمپانیاکان کە تاوەکو ئێستا بە تەواوى یەکلا نەبووەتەوە. 
 
بەگوێرەى بەدواداچوونى رووداو، سێ بەربەستى سەرەکى لە بەردەم ئەو پرسەن، کە تائێستا بە هەڵپەسێردراوى ماونەتەوە.
 
بەغدا تواناى وەرگرتنى 300 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستانى هەیە، لە برى ئەو 400 هەزار بەرمیلەى لە یاسای بودجەدا ئاماژەى پێدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کوردستان داوا دەکات 115 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە لەو بڕە بۆ ناوخۆ بەکاربهێنرێت و بەغدا هەمان مامەڵەى نەوتى هەناردەکراوى لەگەڵ بکات.
 
رێککەوتنى بەرایى نێوانیان وایە کە بەغدا رۆژانە بۆ 185 هەزار بەرمیل نەوت و بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلار بداتە کۆمپانیاکانى نەوت. 
 
هەموارى یاساى بودجە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
 
باسم غرێباوى، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی روداوى راگەیاند: کێشەکە لەسەر بڕى نەوتى رادەستکراوە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی، "هەرێمى کوردستان تواناى ئەوەى نییە کە 400 هەزار بەرمیل رادەست بکات، دەیەوێت ئەو 115 هەزار بەرمیلە بۆ ناوخۆ بەکاربهێنرێت و وەزارەتى نەوت بەرپرسیارێتى پارەکەى بگرێتە ئەستۆ. ئەوە جێگەى ناکۆکییە".
 
غرێباوى ئەوەشی گوت، "هەندێک لە داواکارییەکانى هەرێمى کوردستان پێویستى بە هەموارێکى دیکەى یاسای بودجەیە."
 
یەکێکى دیکە لە کێشەکان، سرووشتى ئەو لایەنە راوێژکارییەیە کە خەمڵاندنى تێچووى بەرهەمهێان و گواستنەوەى نەوت دیاری دەکات، هاوکات کۆمپانیاکانى نەوت داواى شایستە داراییەکانیان دەکەن بەر لە راگرتنى هەناردەى نەوت لە 2023، بەڵام بەغدا پێى راگەیاندوون کە ئەو قەرزە لە ئەستۆى هەولێرە. 
 
پەرلەمانى عێراق، رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد، وەک هەنگاوى یەکەمى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان کە لە کۆتایی مانگى ئادارى 2023ـەوە راگیراوە.
 
هەموارەکە لە 17ى شوباتەوە کەوتە بوارى جێبەجێکردن، دواى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى. بەگوێرەى هەموارەکە دیاریکردنى 16 دۆلارەکە بەکاتى دەبێت تاوەکو لە ماوەى 60 رۆژدا هەولێر و بەغدا لەبارەى لایەنە راوێژکارییەکە رێکبکەون، بەو پێیە هەفتەیەک لەدەستیاندا ماوە بۆ رێککەوتن لەسەر ئەو کۆمپانیایە.
 
17ى نیسان ئەو 60 رۆژە کۆتایی دێت کە لە هەموارەکە دیاری کراوە بۆ ئەوەى هەردوو وەزارەتى نەوت و سامانە سرووشتییەکان بگەنە رێککەوتن لەسەر ئەو لایەنە راوێژکارییە، ئەگەرنا پرسەکە دەدرێتە دەست ئەنجوومەنى وەزیرانى فیدراڵ بۆ دیاریکردنى ئەو لایەنە راوێژکارییە.
   
باسم غرێباوى رایگەیاند، "یەک هەفتە دەرفەت لەبەردەم هەولێر و بەغدا ماوە بۆ رێککەوتن، ئەگەرنا پرسى دیاریکردنى کۆمپانیاى راوێژکارییەکە دەچێتە دەست سەرۆکوەزیران و ئەویش هەنگاو بۆ جێبەجێکردنى ئەو بڕگەیە دەنێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تمەنی ئێرانی و دۆلاری ئەمریکی.

ئەگەری رێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نرخی تمەنی بەرزکردەوە

ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، پاڵپشتی بۆ نرخی تمەن دروستکردووە و ئەمڕۆ سێشەممە یەک دۆلار بە کەمتر لە 82 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.