رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان لە شەڕی ئابووریی ئەمریکا و چین، نرخی زێڕ ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد و هەر ئۆنسەیەکی بە نزیکەی سێ هەزار و 215 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەوەش نرخی زێڕی لە بازاڕەکانی هەرێمی کورستانیش بەرزکردەوە.
بەگوێرەی سەندیکای زێڕنگران، ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی عەیارەکەی بەمشێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24=775,000
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22=710,000
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21=678,000
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18=580,000
بازرگانان بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە ئابوورییەی هەیە، روو لە کڕینی زێڕ دەکەن وەکو کانزایەکی پارێزراو.
لەگەڵ زێڕدا، دراوی فرانکی سویسریش کە وەکو سەرمایەیەکی سەلامەت سەیر دەکرێت، بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەوە.
سەرەتا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە سێ هەزار و 219 دۆلار، کە بەرزترینی مێژووە تاوەکو ئێستا تۆمارکرابێت.
ئۆلیڤەر داسیێر، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای سیم کۆرپ ئاماژە بەوە دەکات، ئەو بە لێشاو چوونەی بازرگانان و خاوەن سەرمایەکان بۆ کڕینی سەرمایە سەلامەتەکان، رەنگدانەوەی ئەو ناڕوونییەیە کە لە بازاڕە داراییەکاندا هەیە.
ئەو دەشڵێت، "ئێستا لە جیهانێکدا دەژین کە هیچ شتێک بەپێی یاساکانی خۆی ناڕوات، نە بازرگانی، نە ئاسایش، نە تەندروستی و هەتا سەروەریی وڵاتانیش."
سەرمایە سەلامەتەکان ئەوانەن کە چاوەڕوان دەکرێت هەمیشە پارێزگاری لە بەهای خۆیان بکەن، یان ئەوەی لە کاتە سەختە ئابوورییەکانیشدا، نرخیان بەرزببێتەوە. لەنێوانیاندا زێڕ و دراوی فرانکی سویسری.
ناجێگیریی بازاڕەکان زیاتر دوای ئەوە هات کە واڵ ستریت داتاکانی بڵاوکردەوە و بازاڕەکانی ئاسیا بەشێوەیەکی بەرچاو داڕماون.
رۆژی پێنجشەممە کۆشکی رایگەیاند، پێناسی گومرگیی ئەمریکا بۆ سەر کەلوپەل و کاڵای چینی بۆ 145٪ بەرزبووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، دۆناڵد ترەمپ چاوی لەوەیە بگاتە رێککەوتنێک لەگەڵ بەیجینگ، دەڵێت: "کار لەسەر رێککەوتنێک دەکەن کە بۆ هەردوو وڵات باش بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ