رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەتوانێت کۆتایی بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بهێنێت، وەکو گوشار بۆ ئەوەی رازی بکات دەست لە بەرنامەی ئەتۆمی خۆی هەڵگرێت، نرخی نەوت رۆژی هەینی زیاتر لە 1 دۆلار بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 43 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیلی بە 64 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە بەرزبووەوە بۆ 61 دۆلار و 50 سەنت.
ئەندرو لیپۆ، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی لیپۆ ئۆیل لەوبارەیەوە رایگەیاند: "رێگەگرتن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران، خستنەڕووی ئەو کاڵا ستراتژییە کەمدەکاتەوە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "گومانم لەوە هەیە کە چین بتوانێت بەردەوام بێت لە کڕینی نەوتی ئێڕان، ئەگەر ئەمریکا رێوشوێنەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران سنوورداربکات."
جۆن کیلدۆڤ، شرۆڤەکارێکی دیکەی بازاڕە داراییەکان لەو بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمریکا بووەتە فاکتەرێکی نوێی ناسەقامگیرکردنی بازاڕە داراییەکانی دیکەی جیهان."
کیلدۆڤ کە شارەزایەکی دیاری بازاڕی نەوتە لە جیهاندا دەڵێت، "هەرچۆن رووسیا دوای هێرشکردنە سەر ئۆکراینا بووە فاکتەرێکی ناسەقامگیریی، ئێستا ئەمریکاش وای لێهاتووە، بەوپێیەی کە شەڕێکی گەورەی بازرگانی دروستکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ