سەندیکای زێڕنگران: بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، بازاڕی زێڕ زۆر کزە

11-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی و بەراورد بە هەفتەیەک لەمەوبەر یەک مسقاڵ نزیکەی 40 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. بازرگانێکی زێڕ لە هەولێر دەڵێت: بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەوە، کڕین و فرۆشتنی زێڕ لەلایەن خەڵکەوە زۆر کەم بووەتەوە.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ میسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 678 هەزار دینارە".
 
هەر ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 580 هەزار دینار، عەیار 22 بە 710 هەزار دینار و عەیار 24یش بە 775 هەزار دینارە.
  
عەبدوڵڵا ئەکرەم کە هاوکات بازرگانی فرۆشتنی زێڕە دەڵێت: "بەرزبوونەوەی نرخ راستەخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕ هەبووە، کڕین زۆر کەم بووەتەوە، خەڵک پێشتر بە زۆری زێڕی دەفرۆشت، ئێستا ئەوەش نەماوە، بۆیە ئێستا بازاڕی زێڕ لە هەرێمی کوردستان لەو پڕی لاوازیدایە".
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەکاتێکدایە، بازرگانان بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە ئابوورییەی هەیە، روو لە کڕینی زێڕ دەکەن وەکو کانزایەکی پارێزراو. 
 
لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتووەتە سێ هەزار و 219 دۆلار، کە بەرزترینی مێژووە تاوەکو ئێستا تۆمارکرابێت. 
 
ئۆلیڤەر داسیێر، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای سیم کۆرپ ئاماژە بەوە دەکات، ئەو بە لێشاو چوونەی بازرگانان و خاوەن سەرمایەکان بۆ کڕینی سەرمایە سەلامەتەکان، رەنگدانەوەی ئەو ناڕوونییەیە کە لە بازاڕە داراییەکاندا هەیە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە