رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سزای نوێی بەسەر ژمارەیەک کۆمپانیادا سەپاندووە، کە نەوتی ئێران دەگوازنەوە. کۆمپانیاکان چینی، ئیماراتی و هیندستانین.
یەکێک لەوانە، کۆمپانیای گوانگشا ژووشانە لە چین، کە بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، لانیکەم هەشت باری نەوتی خاوی ئێرانی وەرگرتووە."
وەزارەتەکە دەڵێت: "وەزارەتی دەرەوە سێ کۆمپانیای دیکەی بەڕێوەبردنی کەشتییەکانیش دەخاتە لیستی سزاکانەوە، بەهۆی ئەوەی لە گواستنەوەی پترۆڵی ئێراندا بەشدار بوون و دوو کەشتیی سەر بە دوو لەو کۆمپانیانە، بلۆک دەکرێن."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا روونیکردەوە، جوگویندەر سینگ برار، کە بازرگانی هیندستانییە و لە ئیمارات دادەنیشێت، خراوەتە لیستی سزاکانەوە، کە لە رێگەی ژمارەیەک کۆمپانیا کار بە نزیکەی 30 کەشتی دەکات.
وەزارەتی گەنجینە دەڵێت: "کەشتییەکانی برار بەشێوەیەکی مەترسیدار نەوتی ئیران لە کەشتییەکەوە دەگوازنەوە بۆ نێو یەکی دیکە و بەنێو سنوورە ئاوییەکانی نزیک عێراق، ئێران، ئیمارات و کەنداوی عوماندا دەیگوازنەوە."
هەروەها چوار کۆمپانیای دیکە، کە دووانیان لە ئیمارات و دووانیان لە هیندستانن و خاوەنی ئەو کەشتییانەن کە کۆمپانیای برار نەوتی ئێرانیان پێ دەگوازێتەوە، خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت: "رژێمی ئێرانی پشت بە تۆڕە کەشتیوانی و نێوەندگیرە بێویژدانەکانی وەک برار و کۆمپانیاکانی دەبەستێت بۆ ئەوەی بتوانێت نەوت بفرۆشێت و پارە بۆ کارە تێکدەرەکانی دابین بکات."
دەشڵێت: "ئەمریکا سەرنجی لەسەر پەکخستنی هەموو جومگەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، بە دیاریکراوی ئەوانەی کە دەیانەوێت لەم بازرگانییە قازانج بکەن."
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەمریکا پابەندە بە جێبەجێکردن و چەسپاندنی تووندی سزاکان بۆ سەر هەموو زنجیرەی دابینکردنی نەوتی ئێران، لە نێویاندا سزادانی ئەوانەی یارمەتیی ئێران دەدەن لە خۆدزینەوە لە سزاکان و هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین."
دەشڵێت: "هەنگاوەکانی ئەمڕۆ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری سەرۆک ترەمپ بەرەو پێش دەبات بۆ ئەوەی هەموو رێگەکانی گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بگرێت و بەرەنگاری هەژموونی شەڕەنگێزانەی رژێمەکە بێت. ئەم سزایانە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی لێشاوی ئەو داهاتەی رژێمی ئێران بۆ پارەدارکردنی کارە تێکدەرەکانی بەکاریدێنێت."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە "پابەندە بە گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران بە سفر، بەتایبەتی هەناردەی نەوت بۆ چین."
سەپاندنی ئەم سزایانە لە کاتێکدایە کە واشنتن هەڕەشە لە تاران دەکات بەوەی ئەگەر لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەگەنە رێککەوتن، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر.
بڕیارە رۆژی شەممە لە مەسقەتی پایتەختی عومان، لەسەر ئەو بابەتە کۆببنەوە.
ئەمریکا دەڵێت، گفتوگۆکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبێت و ئێران نکوڵی دەکات و جەخت دەکاتەوە، گفتوگۆکە ناڕاستەوخۆ دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، چەند کاژێرێک پێش راگەیاندنی ئەم سزا نوێیانە، لە کاتی کۆبوونەوەی کابینەی ترەمپ، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە ترەمپی راگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی گرنگ، لە سایەی ئێوە، رۆژی یەکشەممە دەکرێت."
بە گوتەی روبیۆ کۆبوونەوەکە لە نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و "سەرکردەیەکی باڵای ئێران دەبێت."
لە لایەنی ئێرانی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بەشدار دەبێت.
روبیۆ لە بارەی کۆبوونەوەکەوە گوتی: "هیوادارین ببێتە هۆی ئاشتی."
هەروەها رایگەیاند: "ئێمە زۆر بە روونی گوتوومانە کە نابێت هەرگیز ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبێنێت. بە بڕوای من ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیەش هەر ئەوە دەبێت."
هاوکات، راوێژکارێکی باڵای ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران رایگەیاند هۆشداریدا کە ئەگەر هەڕەشەکان لە دژیان بەردەوام بن، ئەوا تاران پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بنکە ئەتۆمییەکانی دەردەکات.
عەلی شەمخانی گوتی: "بەردەوامبوونی هەڕەشە دەرەکییەکان یان ئەگەر ئێران بکەوێتە بەر هێرشی سەربازی، دەکرێت سەربکێشێت بۆ رێکاری بەرگری، لە نێویاندا کردنەدەرەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و وەستاندنی هەموو هاوئاهەنگییەک."
شەمخانی ئاماژە بەوە دەکات، "دەکرێت بیر لە گواستنەوەی مادەی پوختێنراو بۆ شوێنی پارێزراویش بکرێتەوە."
مانگی رابردوو، ترەمپ نامەیەکی بۆ خامنەیی نارد و تێیدا داوای کرد، لە نێوان دانوستاندن و هێرشی سەربازی یەکێکیان هەڵبژێرن.
رۆژی چوارشەممە، پرسیار لە ترەمپ کرا کە ئایا بیر لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکەنەوە، لە وەڵامدا گوتی: "ئەگەر پێویست بێت، بێگومان. ئەگەر پێویست بە هەنگاوی سەربازی بکات، ئەوا هەنگاوی سەربازی دەنێین. زۆر روونە کە ئیسرائیل بە شێوەیەکی گەورە تێێدا بەشدار دەبێت."
لە ساڵی 2015، ئێران رێککەوتنێکی ئەتۆمیی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان واژۆکرد بۆ ئەوەی لە بەرامبەر کۆتوبەندکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەری خاوبکرێنەوە.
ساڵی 2018، ترەمپ تاکلایەنانە ئەمریکای کشاندەوە و سزای بەسەر ئێراندا سەپاندنەوە. لە وەڵامی ئەوەدا، تاران گوڕی زیاتری بە بەرنامە ئەتۆمییەکە دا و پوختاندنی یۆرانیۆمی بۆ پلەیەک بەرزکردەوە کە نزیکە لە ئاستی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ