ئابووری

کارمەندانی کارگەیەکی جلوبەرگ لە شاری هۆ چی مینی ڤێتنام رۆژی 3-4-2025 لەکاتی کارکردندا، وێنە: Huu Kha / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لەو وڵاتانەی قورسترین گورزی پێناسی نوێی گومرگیی ئەمریکای بەرکەوتووە، ڤێتنامە، کە داوا دەکات حکومەتی ئەمریکا پێناسە گومرگییەکە بۆ 45 رۆژ دوابخات.
ئەمریکا گەورەترین بازاڕی هەناردەی ڤێتنامە، کەچی وڵاتەکەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، پێناسی گومرگیی 46٪ـی خراوەتەسەر، کە لە دوای لیسۆتۆ، بەرزترین رێژەیە.
رۆژی چوارشەممە 01-04-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێناسی گومرگیی جیاجیا دەخەنە سەر هەموو ئەو كاڵایانەی هەناردەی ئەمریکا دەکرێن. لەوکاتەوە بازاڕ و پێنوێنەکانی جیهان لە داتەپین و داڕمانی زیاترن.
تۆ لام، سکرتێری گشتیی پارتی کۆمیونیستی ڤێتنام و سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە، لە نامەیەکی فەرمی دا داوای لە دۆناڵد ترەمپ کردووە؛ بۆ ماوەی 45 رۆژ پێناسی گومرگیی 46٪ـی سەر وڵاتەکەی دوابخات؛ ئەمەش وەک هەوڵ و هیوایەک بۆ ئەوەی بەرپرسان خۆیان بگەیێننە واشنتن و، ئیدارەی ترەمپ بە داشکان و کەمکردنەوە رازی بکەن.
تۆ لام نووسیویەتی، هۆ دوک فۆک، جێگری سەرۆکوەزیرانی راسپاردووە پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا لەسەر ئەو بابەتە هەبێت، "بەو ئامانجەی بە زووترین کات هەردوولایەن بگەنە رێککەوتن."
ئەو هیوای خواستووە، لە مانگی ئایار چاوی بە ترەمپ بکەوێت و ئەو کێشەیە لە رەگەوە چارەسەر بکەن.
رۆژی هەینیی رابردوو، ترەمپ رایگەیاند، "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی زۆر بەرهەمدار"ـی لەگەڵ تۆ لام هەبووە، ترەمپیش گوتی دەیەوێت لەسەر پێناسە گومرگییەکان رێککەوتن بکات.
نووسینگەی ئاماری گشتی رایگەیاند، کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ڤێتنام لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 6.93٪ گەشەی کردووە، ئەمەش کەمترە بەراورد بە 7.55٪ـی چارەکی کۆتایی ساڵی رابردوو.
سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی بەهۆی بڕیارەکەی ئەمریکاوە ڤێتنام دووچاری دەبێتەوە، فام مین چین، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە گوتی، "هێشتا لانیکەم 8٪ـی ئابووریمان لە 2025 گەشە دەکات."
بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە، وەزارەتی دارایی ڤێتنام رایگەیاند، پێویستە ئابووریی وڵاتەکە لە ساڵی 2025 گەشەی 8.2٪ بۆ 8.4٪ بەخۆیەوە ببینێت.
'زیانی گەورە'
سایاکا شیبا، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای BMI تایبەت بە توێژینەوە گوتی، پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا هەڕەشەی "زیانی گەورە" لە گەشەی ئابووریی ڤێتنام دەکەن، کە زۆر پشت بە هەناردەی کاڵا بۆ ئەمریکا دەبەستێت.
خانمە شرۆڤەکارەکە گوتی، لە خراپترین دۆخدا، ئەگەری هەیە ڤێتنام تووشی کەمبوونەوەی 3٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی 2025 بێت.
ترەمپ گوتی، ڤێتنام پێناسی گومرگیی 90٪ـی خستووەتە سەر کاڵا هەناردەکراوەکانی ئەمریکا.
ساڵی 2024 قەبارەی بازرگانیی نێوان ڤێتنام و ئەمریکا گەیشتە 132 ملیار دۆلار. هەناردەی ڤێتنام بۆ ئەمریکا بایی 119 ملیار دۆلار بوو، 23.3٪ بەراورد بە ساڵی 2023 زیاتر بوو. هەناردەی ئەمریکاش بۆ ڤێتنام 13 ملیار دۆلار بوو، کە 7.3٪ بەراورد بە 2023 زیاتر بوو.
شارەزایان بڕوایان وایە؛ پێناسە گومرگییە نوێیەکان خراپترین گورز لە کەرتەکانی خواردنی دەریایی، قوماش، پێڵاو، دار، کەلوپەلە ئەلیکترۆنییەکان و مۆبایلە زیرەکەکان دەدەن.
فام ڤان دای، مامۆستای بەشی ئابووری لە زانکۆی فوڵبرایت لە ڤێتنام گوتی، گەورە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە کارگەیان لە ڤێتنام هەیە، لەوانەش نایکی و ئەدیداسی وەرزشی، پێشبینی دەکەن خواست لەسەر بەرهەمەکانیان کەمببێتەوە، قازانجی کەمتر بکەن و کارمەندی زیاتر بنێرنەوە ماڵەوە.
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئەمریکی لە (هانۆی)ـی پایتەختی ڤێتنام رایگەیاند، نامەیەکیان بۆ وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا ناردووە، "نیگەرانییە زۆرەکان"ـی خۆیان درکاندووە و داوای دواخستنیان کردووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، هەناردەی ڤێتنام لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ دا 10.6٪ زیادی کردووە، ئەمەش لە 7.9٪ـی چارەکی کۆتایی 2024 زیاترە. لەلایەکی دیکەوە، بەرهەمی پیشەسازی 7.8٪ بووە، لە کاتێکدا لە دوایین سێ مانگی پاردا 11.5٪ بووە.
شارەزایان پێیانوایە، هێشتا وەبەرهێنەران چاودێریی دۆخەکە دەکەن و دەیانەوێت بزانن پێناسە گومرگییەکان چ زیانێک لەو وڵاتە دەدەن.
فام ڤان دای گوتی، "ئێستا خراپترین کاتە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بڕیاری ماوەدرێژ بدەن. ئەوان چاوەڕێی سیاسەتی روونتری ئەمریکا و وڵاتانی دیکەن."
پێناسی گومرگی چییە و چۆنە؟
پێناسی گومرگی ئەو باجەیە کە هەر کۆمپانیایەک لە ئەمریکا کاڵا هاوردەی وڵاتەکە بکات، پێویستە بیداتە حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا. لەبەرئەوەی پارەی کۆمپانیاکە حکومەت وەریدەگرێت، پێی دەگوترێت باج.
بۆ نموونە، کۆمپانیایەک لە چینەوە پێڵاو هاوردەی نێو ئەمریکا دەکات. پێڵاوەکان دەگەنە یەکێک لە دەروازە سنوورییەکان یان بەندەرەکانی ئەمریکا. ئەو کۆمپانیایە پێش ئەوەی پێڵاوەکان بباتە کۆگە و دواتر بیفرۆشێت، لە دەروازە سنوورییەکەوە باجی پێناسە گومرگییەکە دەداتە بەشی گومرگ و پاراستنی سنوور (CBP) لە حکومەتی ئەمریکا.
ئەگەر پێڵاوەکە بە 10 دۆلار بێت و پێناسی گومرگیی 10٪ـی لەسەر بێت، پێش هەموو شتێک ئەو کۆمپانیایە پێویستە یەک دۆلار بداتە حکومەت.
هەمان پرۆسە بەسەر کارگەکانیش دا جێبەجێ دەبێت، کە پارچەی یەدەگ یان مادەی خاو هاوردە دەکات بۆ ئەوەی شتێک دروستبکات، هەروەها کاتێک کۆمپانیایەکی دابەشکاریی خواردن بۆ نموونە سەوزە و میوە هاوردە دەکات، دەبێت ئەو بڕە باجە بدات. ئەو پارەیەی کە حکومەت لە پێناسی گومرگی دەستیدەکەوێت، بۆ وەزارەتی گەنجینە دەگەڕێتەوە، واتا بە هەمان شێوەی کۆکردنەوەی باج لە ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ