ئابووری
لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگای هەڵەبجەشەوە 1900 پەلەوەرخانە هەن.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان رایگەیاند بەرزبوونەوەی نرخی مریشکی پەلەوەرخانەکان کاتییە و هەفتەی داهاتوو دادەبەزێت.
رۆژی چوارشەممە 05-04-2023 نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ماوەکانی رابردوو نرخی کیلۆیەک مریشک بە 3250 دینار بوو، ئێستا لە پەلەوەرخانەکان بۆ 4300 دینار بەرزبووەتەوە و لە دەرەوەش بە 4600 دینارە، بەڵام هاونیشتمانیان دڵنیادەکەینەوە ئەوە کاتییە و ئەو نرخە هەفتەی داهاتوو گۆڕانکاری بەسەردا دێت و دادەبەزێت".
پێش ئەوەی نرخی کیلۆی مریشکی پەلەوەرخانەکان، بگاتە سێ هەزار دینار، لە ماوەکانی رابردوودا بە تەنیا 1900 بۆ 2000 دینار بوو، ئەوەش بە گوتەی نازام عەبدوڵڵا "زیانی بۆ خاوەن پەلەوەرخانەکان بوو، هەر ئەو کات داوامان لە حکومەت کرد فریای کەرتەکە بکەوێت، چونکە زەرەرێکی زۆرمان کرد. خاوەن پەلەوەرخانەکان جوجکیان نەخستبووە ناو هۆڵەکانەوە بۆ گەورەبوون، بۆیە ئێستا مریشکی پێویست بەردەست نییە و نرخ بەرزبووەتەوە".
لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگای هەڵەبجەشەوە 1900 پەلەوەرخانە هەن. نازم عەبدوڵڵا گوتی: "زانیاریمان هەیە کە ئێستا جوجکی تەمەن 35 بۆ 40 رۆژمان زۆرە و بڕێکی باش جوجک خراونەتە نێو هۆڵەکان و لە هەفتەی داهاتوودا تاوەکو 10 رۆژی دیکە بڕی پێویست دێنە بازاڕ و نرخی مریشک دادەبەزێت".
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان، بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی مریشک چەند داواکارییەکی ئاراستەی حکومەت کرد و گوتی "گرنگترین داواکاریمان ئەوەیە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو رابگیرێت، چونکە بەشی پێویست لە ناوخۆدا هەیە، دووەم؛ تۆنێک ئالیک لە وڵاتانی دراوسێ لە تورکیا و ئێران بە 430 دۆلارە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە 630 دۆلار دەیکڕین، بۆچی؟ 20 رۆژ لەمەوپێش جوجکێک بە 30 سەنت بووە، ئێستا بە 70 سەنتە".
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی خاوەن پەلەوەرخانەکان دابینکردنی ڤاکسین و دەرمانە. نازم عەبدوڵڵا گوتی: "85٪ـی خاوەن پەلەوەرخانەکان زەرەریان کردووە، پێویستە حکومەت گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدات، کەرتێکی گرنگە و چەندین هەلی کاری راگەیاندووە بۆیە پێویستە نرخێک بۆ فرۆشتنی مریشک دیاریبکرێت بەنموونە لە ناو هۆڵدا نرخی کیلۆیەک مریشک بە 3500 دینار دیاریبکرێت، ئەوە بۆ ئێمە زۆر باش دەبێت".
پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە، بەڵام نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەمدەهێندرێت و ئەوەی زیاتر لە پێویستیی نێوخۆ بێت، هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان:
- هەولێر؛ 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی؛ 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک؛ 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە؛ 35 پەلەوەرخانە
- گەرمیان؛ 158 پەلەوەرخانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ